"ستارلینك" لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان بینرا
  2022-09-25       906       

پاش ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، چەند تەنێکی روناک لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بینران شارەزایەك دەڵێت، ئەو تەنە مانگە دەستكردەكانی ستارلینكە.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، تەنە روناكەكان بە ئاسمانی دهۆك، هەولێرو سلێمانی و چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕیون.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لەوبارەیەوە لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"ئەو تەنەی کەمێک پێش ئێستا لە ئاسمانی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بینرا زنجیرەی مانگەدەستکردەکانی "ستارلینک"ە کە بۆ مەبەستی دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ سەرتاسەری جیھان رەوانەی بۆشایی ئاسمان کراوە."

 سترالینك یەك تۆڕی مانگەدەستكردەكانە كە لەلایەن كۆمپانیای سپەیس ئێكس بۆ دابینكردنی ئینتەرنێتی سەتەلایت، بەگەڕخراوەو ئیلۆن مەسك خاوەندارێتی دەكات.

پێشتر ئیلۆن مەسک لە تویتەر پۆستێکی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا ستارلینک لە هەمو کیشوەرەکان چالاکە.

یەكێك لە فانەكانی ناوبراو لە تویتەر پرسیاری لێكرد"ئایا دەکرێت ستارلینک بۆ خەڵکی ئێران دابین بکات؟" ئەویش لە وەڵامدا نوسی، "ستارلینک داوای بەخشینی لە گەمارۆکانی سەر ئێران دەکات بۆ ئەو مەبەستە."

تویتەكەی ئیلۆن مەسك هاوكات بو لەگەڵ بەڕێوەچونی خۆپیشاندانەكان لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كە وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر مەرگی ژینا ئەمینی دەستیان پێكردوەو بەهۆیەوە چەند رۆژێكە لە ئێران ئینتەرنێت سنوردار كراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×