سەرنجێک لەهەڵبژاردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
  2022-11-08       447       

ئا: قارەمان مەمەند، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا-وە، تایبەت بۆ ئاوێنە

 

"٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی دوو ساڵانە ئەنجام دەدات بۆ هەڵبژاردنی ٤٣٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران (دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن)و یەک لەسەر سێی ٣٥ سیناتۆر لەکۆی ١٠٠ نوێنەر (شەش ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن بەڕێژەی یەک لەسەر سێی هەر دوو ساڵ جارێک)، جگە لە ٣٦ پارێزگاری ویلایەت لە کۆی گشتی ٥٠ پارێزگار، هەروەها ژمارەیەک پۆستی ناوخۆیی. هەروەها هەڵبژاردنەکان ژمارەیەک راپرسی لەسەر یاسا ناوخۆییەکان له‌خۆدەگرێت، کە گرنگترینیان یاسای له‌باربردنی منداڵە".

 

  بۆ ماوەیەک وا دیار بوو، کە ڕەنگە دیموکراتەکان تووشی ئەو جۆرە زیانانە نەبن کە زۆر تایبەتن بە پارتی سەرۆک لە یەکەم خولی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی سەرۆکایەتیدا. بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، زۆربەی ئەو زانیاریانەی کە لەبەردەستدان دەریدەخەن کە شتەکان بە ئاراستە وقازانجی  کۆمارییەکان دەبێ. نیگەرانییەکان لە هەڵاوسانی نرخ  و باری ئابووری بەردەوامن، بۆیە کەس بەڕاستی نازانێت چی ڕوودەدات تا دەنگدان یەکلایی نەبێتەوە.

 

  بەپێی داتاکانی بەرپرسانی هەڵبژاردن، تا ئێستا زیاتر لە ٤١ ملیۆن کەس لە ٤٧ ویلایەتدا دەنگیان داوە. دەنگدان بە پۆست لە ساڵی ٢٠١٨ کەمتر بووە و دەنگەکانی پێش هەڵبژاردن هێشتا لە خوار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠ەوەیە. هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بە شێوەیەکی ئاسایی ڕێژەی بەشداریکردنیان زیاترە.

هەڵبژاردنەکانی وەرزی ناوەڕاستی ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا- دەکرێ بە شەپۆلی شین یان سوور ناوبنرێ لەسەر بنەمانی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەوە. هەڵبژاردنەکە  بۆ٤٣٥ ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران، یاخود سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەروەها ٣٥ ئەندامى سينات- ئەنجومەنی پیران، ١٤ کورسی دیموکراتەکان و ٢١ کورسی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنە ، ٣٦ حاكمى ويلايەتەكان. هەروەها لە کۆی ٩٩ ئەنجومەنی یاسادان- نوێنەران وسینات لەسەرئاستی ویلایەتەکان زۆرینەیان هەڵدەبژێردرێنەوە، کە کۆی هەمووی دەکاتە هەزاران  کورسی هەڵبژاردن،  جگە لە ویلایەتەکانی لویزیانا و میسیسیپی و نیوجەرسی و ڤێرجینیا- چونکە ئەم ویلایەتانە لەساڵانی ژمارە تاکەکان هەڵبژاردن ئەنجامدەدەن.  هەروەها سەدان پڕۆژەی یاسایی لە زۆربەی ویلایەتدا دەخرێتە دەنگدانەوە، لە بوارەکانی لەباربردن، باج، ماددە هۆشبەرەکان، بیمەی تەندروستی، پەروەردەو مافە مەدەنی  و سیاسیەکان و..هتد.

دیموکراتەکان دەیانەوێ كۆنتڕۆلى، سينات ( ئەنجوومەنى پيرانى ئەمريكا) بكەن، بە بەدەستهێنانى تەنها سێ كورسى تر بۆ ئەوەى ژمارەى كورسييەكانيان ببێت بە ٥١ كورسى، لە ڕووی مێژوویەوە  لە ئەمريكا ڕوودانی ئەمە زەحمەتە، چونکە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو  ئەوە ڕووينەداو هەروەها کۆمارییەکان زۆربەی کات سەرکەوتووبونە لەکۆنترۆلکردنی سینات. دیموکراتەکان دەیانەوێ بە کۆنتڕۆلکردنی  ئەنجوومەنى پيرانى ئەمریکا، دڵنایی و مسۆگەری بۆ بایدن دروستبکەن لە ماوەى دوو كۆتا ساڵى داهاتووى لە ئۆفيسەكەى؛ چونکە ئەنجوومەنى پيرانى بۆ سەرۆکی ئەمریکا زۆر گرینگە- لە پڕۆسەی پیادەکردنی سیاسەتی دەرەوەیدا، بە تایبەتی لە ڕێگای لیژنە گرینگەکانی، وەک لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکان و لیژنەی هەواڵگری – ئەم دوو لیژنەیە لە ئێستادا نزیکو هاریکاری دیموکراتەکانن لە سیاسەتەکانیدا.

سەرەڕای هەموو ئەم ووردەکاری وپرسانەی کە هەڵبژاردنی بۆ دەکرێ لە سەرئاستی فیدڕاڵی و ویلایەتەکان و شارەکاندا، دواجار ئەم هەڵبژاردنە بە ڕیفڕاندۆم لەسەر کارو و ڕیژەی دەنگەکانی سەرۆکی ئەمریاکا دادەنرێ. هەروەک چۆن لە قوتابخانەکاندا خویندکاران هەڵسەندگاندن و تاقیکردنەوەی وەرزی و نیوەی ساڵیان بۆ ئەنجامدەدرێ، بەم چەشنە سەرۆکی ئەمریکا  لەبەردەوم تاقیکردەنەوەیەکی گەورەدایە لە هەڵبژاردنەکانی وەرزی ناوەڕاستی ويلايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكای ساڵی ٢٠٢٢دا.

 

گرنگترین پرسەکان

 

 دەنگدەران  لەسەر ئاستی فیدڕاڵی و نیشتمانی:

 

پرسی ئابووری

 خەڵک بەدەست بەرزییەکی بێوێنەی نرخی بەکاربەر و نرخی گاز و ڕێژەی سوودەوە دەناڵێنن، کە کۆمارییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە تەواوی یان بەشێکی بەهۆی سیاسەتی حکومەتەکەی جۆ بایدن و دیموکراتەکانەوە بووە. بە شێوەیەکی باو ئابووری وەک پرسێکی سەرەکی بۆ دەنگدەران بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٢ ئاماژەی پێکراوە.

 

لەبارچوون

دوای بڕیارەکەی دادگای باڵا لە دۆسیەی دۆبس دژی ڕێکخراوی تەندروستی ژنانی جاکسۆن کە لە مانگی حوزەیراندا دۆسیەی ڕۆ دژی وەید هەڵوەشاندەوە، دیموکراتەکان لە چەندین هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجومەنی نوێنەراندا لە ئەنجامەکانی بایدن لە ساڵی ٢٠٢٠ باشتر بوون، لەباربردنی منداڵ وەک بەشداربوویەکی سەرەکی لە سەرکەوتنەکانیاندا ئاماژەی پێکرا. ئەم بڕیارە لەباربردنی منداڵی بۆ دەنگدەران گرنگتر کردووە و دوای بڕیارەکەش زیادبوونی پشتیوانی ژنان بۆ پارتی دیموکرات هاتۆتە ئاراوە. بەلایەنی کەمەوە شەش ویلایەت ڕیفراندۆمیان لەسەر پرۆژە یاسا هەیە لە هەڵبژاردن دا هەیە کە پەیوەندی بە لەباربردنەوە هەیە.

 

تاوان و توندوتیژی بە چەک

تەقەکردنە کوشتنی بە کۆمەڵ و توندوتیژی بە چەک، بۆیە تاوان بۆتە پرسێکی گرنگتر بۆ دەنگدەران. یاسای سەلامەتی کۆمەڵگا کە لەلایەن هەر دوولایەن کە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ پەسەندکرا، بواری یاسای سەلامەتی چەکی فراوانترکرد، کە لەلایەن بایدن و دیموکراتەکانەوە بانگەشەی بۆ کراوە.

سەرەڕای ئەمەش کۆمارییەکان پێشەنگییان لە نێوان ئەو دەنگدەرانەدا پاراستووە کە تاوان وەک پرسێکی سەرەکی دەهێننەوە. کۆمارییەکان زیادبوونی تاوانە توندوتیژەکان و کوشتنەکانی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١یان خستووەتە ئەستۆی پێشکەوتنخوازان و لیبراڵەکان، هەرچەندە پێشتر بایدن بانگەوازەکانی بۆ "بڕینی کۆمەک و پارەی پۆلیس" ڕەتکردبووەوە، کە دروشمێک بوو لەلایەن خۆپیشاندەرانی دادپەروەری ڕەگەزییەوە پاڵپشتی دەکرا.

دیموکراتەکان هەوڵێ توندترکردنی  یاساکانی تایبەت بە چەک داوە، لەنێویاندا قەدەغەکردنی چەکی هێرشبەر، لەکاتێکدا کۆمارییەکان هەوڵیانداوە دەستڕاگەیشتن بە چەک و هەمواری دووەم-ی کە لە دەستوری ئەمریکادا هاتووە بپارێزن.

 

دیموکراسی

دیموکراتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ تادێت تاکڕەوتر یان "نیمچە فاشیست" بوون وەک بایدن ناوی لێناوە، لەو کاتەوەی ترەمپ بەردەوام بووە لە کێبڕکێکردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٠. هەروەها دیموکراتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی کۆمارییەکان زیان بە سیستێمی حوکمڕانی و ئەزموونی دیموکراسی ئەمریکی دەگەیەنێت، بەو پێیەی پارتی کۆمارییەکان زۆرێک لەو کەسانەیان کاندیدکردووە کە باوەڕیان بە  ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٢ هەیە.

 

خوێندن

کۆمارییەکان باسیان لەوە کردووە کە دایک و باوکان کۆنترۆڵی زیاتریان هەبێت لەسەر ئەوەی کە منداڵەکانیان لە قوتابخانەکاندا فێردەکرێن، بەتایبەتی بابەتەکانی خوێندنی تایبەت بە ڕەگەز و ناسنامەی ڕەگەزی و بابەتی پەروەدەی سێکسی کە باس دەکرێن. دیموکراتەکان ئەم نیگەرانیانەیان وەک پاڵنەرێک بۆ سانسۆر ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند کە زیان بە خوێندکارانی (ئێڵ جی بی تی) بە تایبەتی دەگەیەنێت. کیڤن مەکارتی سەرۆکی کەمینەی ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی خواردووە قەرەبووی ئەوە بکاتەوە کە "فێربوونی لەدەستچوو لە کاتی داخستنی قوتابخانەکان لە کاتی پەتای کۆڤید-١٩ لە ئەمریکا."

 

گۆڕانی کەشوهەوا

دیموکراتە پێشکەوتنخوازەکان پشگیری لە یاسایەک دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانە هاندانەکان بەرەو فراوانکردنی وزەی نوێبووەوە و ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

 

کۆچبەری

زیادبوونی زیاتر لە 385% لە ڕووبەڕووبوونەوە سنوورییەکان لە ساڵی 2020 تا 2022 بووەتە هۆی ئەوەی کۆمارییەکان زیاتر لە دیموکراتەکان قسەیان بڕوا لەسەر ئەو بابەتە، چونکە ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە دەنگدەران تاڕادەیەکی زۆر کۆمارییەکان بە باشتر دەزانن لە دیموکراتەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆچبەری.

 

لێخۆشبوونی قەرزی خوێندکار

دیموکراتەکان ئەگەری هەیە دەنگدەرانی گەنج ڕابکێشن. زۆرینەی دەنگدەران لە پێش هەڵبژاردنەکاندا پشتگیری لە لێخۆشبوونی قەرزی خوێندکاران دەکەن. بەو پێیەی بایدن پلانێکی بۆ لێخۆشبوونی قەرزی خوێندکاران ئاشکرا کردووە، هەردوو لایەن بەدوای دەستکەوتی هەڵبژاردنەکاندا دەگەڕێن لە بڕیارەکەدا و کۆمارییەکان کرێکارانی یەخەشین، ئەو کرێکارانەی کە لەم جۆرە کارانە کاردەکەن،  وەک  بەرهەمهێنان، کۆگاکردن، کانگاکردن، هەڵکەندن، بەرهەمهێنانی کارەبا و کارپێکردنی وێستگەی کارەبا، بیناسازی و چاککردنەوەی کارەبا، کاری پاراستن، کشتوکاڵ، ماسیگرتنی بازرگانی، داربڕین، دیزاینکردنی زەوی، کۆنترۆڵکردنی ئافاتەکان، پرۆسێسکردنی خۆراک، کاری کێڵگە نەوتییەکان، کۆکردنەوەی پاشماوە و فڕێدان، ڕیسایکلکردن، بیناسازی، چاککردنەوە، کەشتیوانی، لێخوڕین، بارهەڵگر و چەندین جۆری تری کاری فیزیکی.  

 

سەرۆکایەتی جۆ بایدن

کۆمارییەکان سوودمەندن لە کەمی ڕێژەی پەسەندکردنی سەرۆک جۆ بایدن، کە لە 30%-40% بۆ زۆربەی ساڵەکە. ڕێژەی پەسەندکردنی بۆ ماوەیەکی کورت زیادیکرد دوای چەندین سەرکەوتنی یاسادانان لە مانگەکانی ئاب و ئەیلوولی 2022، بەڵام دیسانەوە لە مانگی ئۆکتۆبەردا کەمی ڕێژەی پەسەندکردنی دابەزیەوە کاتێک دەنگدەران سەرنجیان زیاتر لەسەر ئابووری بوو.

 

لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا

لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پرسێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەیە.

  لێرەدا کەمێک لە پاشخانی دیموکراسی و دەنگدان  و سیستەمی ڕیفراندۆمی کالیفۆرنیا دەخەینەڕوو لە کالیفۆرنیا، پێشنیاری دەنگدان بریتییە لە ڕیفراندۆم یان ڕێوشوێنێکی دەستپێشخەری کە پێشکەش بە دەنگدەران دەکرێت بۆ بڕیاردانی ڕاستەوخۆ یان دەنگدانی ڕاستەوخۆ (یان ڕاپرسی). ئەگەر پەسەند بکرێت، دەتوانێت یەکێک یان زیاتر لە مادەکانی دەستووری کالیفۆرنیا، یەکێک یان زیاتر لە ٢٩ کۆدی-یاسا بەرکارەکانی کالیفۆرنیا، یان یاسایەکی دیکە لە یاساکانی کالیفۆرنیا بگۆڕێت بەشێوەیەک وەک ڕوونکردنەوەی ئەو یاسایانەی ئێستا بەرکارن یان زیادکردنی یاسا(ەکان) یان لابردنی یاسا(ەکان)ی ئێستا . دەتوانرێت ڕێوشوێنەکان لەلایەن ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتی کالیفۆرنیا یان لە ڕێگەی داواکارییەکەوە کە دەنگدەرانی تۆمارکراو واژۆیان لەسەر کراوە، بخرێنە سەر سندوقی دەنگدان.

 

بۆ نموونە گرنگترین (دەستپێشخەری گەڵاڵە یاساییەکان) لە سندوقی دەنگداندا  لەسەر ئاستی ویلایەتی کالفۆرنیا لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٢:

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای یەکەم

ئەم ڕێوشوێنە مافی لەباربردن و کۆنتڕۆڵکردنی لەدایکبوون لە دەستووری کالیفۆرنیادا دەچەسپێنێت.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای  ٢٦

ئەم ڕێوشوێنە ڕێگە بە گرەوکردنی وەرزشی کەسی دەدات لە ٦٦ گازینۆی خێڵەکی-خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی و چوار یاریگای پێشبڕکێی ئەسپی شایستە لە ویلایەتەکەدا. هەروەها ڕێگە بە قومارکردنی زیادە دەدات- وەک ڕۆلێت- لە گازینۆکانی خێڵەکی- خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای ٢٧

ئەم ڕێوشوێنە ڕێگە بە قومارکردنی وەرزشی ئۆنلاین دەدات، 85%ی ئەو پارەیەی کە لە ڕێگەی باجی 10% لەسەر داهاتی گشتی گرەوکردنی وەرزشی ئۆنلاین بەدەستی دەهێنێت دەچێتە خزمەتگوزارییەکانی بێ خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ. باقیەکەی تر بەرەو ئەو خێڵانە- خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی دەڕوا کە بەشدارنین لە قومارکردنی وەرزشی.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای ٢٨

ئەم ڕێوشوێنە داوا لە دەوڵەت دەکات کە بودجەی پەروەردەی هونەر و مۆسیقا لە قوتابخانە حکومییەکانی K-12 بە بڕی یەکسان بە 1%ی بودجەی گشتی سندوقەکانی بۆ قوتابخانە حکومییەکان لە ساڵی پێشوودا زیاد بکات. بەپێی خەمڵاندنێکی نووسینگەی داواکاری گشتی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی زیادکردنی بودجە بە بڕی نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە ساڵی داهاتووەوە.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای ٢٩

ئەم ڕێوشوێنە پێویستی بە کلینیکەکانی شۆردنی گورچیلە دەبێت کە پزیشکێکی مۆڵەتپێدراو، پەرستارێکی تۆمارکراو یان یاریدەدەری پزیشک لە شوێنی چارەسەرکردندا لە هەموو کاتژمێرەکانی چارەسەرکردندا هەبێت.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای ٣٠

پرۆپۆزەڵی ٣٠ ڕێژەی باجی داهاتی کەسی بە ڕێژەی ١.٧٥% زیاد دەکات بۆ ئەو کەسانەی کە ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیۆن دۆلار داهاتیان هەیە و پارەکە بۆ بەرنامەکانی کەمکردنەوەی دەردانی گازی گەرمکەرەکان بەکاردەهێنن؛ 80% بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و 20% بۆ خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و ئاگرکوژێنەوە.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای ٣١

ئەم ڕێوشوێنە بەرهەمە تووتنییە تامدارەکان لە فرۆشگاکانی کالیفۆرنیا قەدەغە دەکات، بەڵام ڕێگا دەدات بە سیگاری دەستی کە لانیکەم ١٢ دۆلارە، تووتنی گەڵا شل و تووتنی شیشا کە لەلایەن فرۆشیارانی مۆڵەتپێدراوی نێرگەلە دەفرۆشرێن.

گرنگترین  پرۆژە-گەڵاڵە-پێشنیارە یاساکانی لە سندوقی دەنگداندا  لەسەر ئاستی شاری سانفرانسیسکۆ لە ویلایەتی کالفۆرنیا:

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای A

ئەم ڕێوشوێنە یارمەتییەهاریکاری  تێچووی ژیان بۆ ئەو کارمەندانەی شارەکە ڕێکدەخات کە پێش ٦ی تشرینی دووەمی ١٩٩٦ خانەنشین بوون.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای B

ئەم ڕێوشوێنە بەشێکی زۆری پرۆپۆزەڵی بی ساڵی ٢٠٢٠ دەگەڕێنێتەوە، کاتێک دەنگدەران ئاڕاستەی شارەکەیان کرد کە بەشی کار و خزمەتگوزاریە گشتیەکانی بۆ دوو بەش دابەش بکات و بەشێکی نوێ دروست بکات کە گرنگی بە پاککردنەوەی شەقامەکان بدات.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای B

ئەم ڕێوشوێنە بەشێکی زۆری پرۆپۆزەڵی بی ساڵی ٢٠٢٠ دەگەڕێنێتەوە، کاتێک دەنگدەران ئاڕاستەی شارەکەیان کرد کە بەشی کارە گشتیەکانی بۆ دوو دابەش بکات و بەشێکی نوێ دروست بکات کە گرنگی بە پاککردنەوەی شەقامەکان بدات. ئەم ڕێوشوێنە بەشی پاکوخاوێنی و شەقامەکانی تازەپێگەیشتووی لەناو دەبات. بۆ دەرچوون پێویستی بە زۆرینەیەکی سادە هەیە.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای D

هەوڵدەدات ڕێوشوێنەکانی پەسەندکردن بۆ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی بە نرخی گونجاو کورت بکاتەوە بۆ مامۆستایان، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی بە نرخی گونجاو بەڕێژەی 15% زیاتری بکات لەو یەکە نێشتەجێبوونانەی کە ئەم پڕۆگرامەیان هەیە.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای E

ئەمەش هەر سەبارەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونە بە نرخی گونجاو، بەڵام لە وردەکارییەکانیدا جیاوازە لە پرۆژە-گەڵاڵەی D بۆ هەر پڕۆژەیەک. وەکو پرۆپۆزەڵی D پێویستی بە زۆرینەی سادە هەیە بۆ ئەوەی دەربچێت.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای F

ئەم ڕێوشوێنە سندوقێک نوێ دەکاتەوە کە پشتگیری لە کار و خزمەتگوزارییەکانی کتێبخانەی شارەکان دەکات بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ. پارەی سندوقەکە لە باجی ساڵانەی موڵک و ماڵی تەرخانکراوەوە دێت کە ٢.٥ سەنت بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێکە. ئەو ڕێوشوێنە پێویستی بە زۆرینەیەکی سادە هەیە بۆ تێپەڕاندنی.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای G

ئەم ڕێوشوێنە ساڵانە تا ٦٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی زیادەی باجی موڵک و ماڵی تەرخان دەکات بۆ پشتگیریکردنی قوتابخانە حکومییەکانی سانفرانسیسکۆ. ئەو پارەیە بۆ قوتابخانەکان بە یارمەتیی تا یەک ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا بەردەست دەبێت بۆ پشتگیریکردنی دەستکەوتی ئەکادیمی خوێندکاران یان تەندروستی کۆمەڵایەتی یان دەروونی. بۆ دەرچوون پێویستی بە زۆرینەی سادەیە.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای H

ئەم ڕێوشوێنە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی شارەکە دەگوازێتەوە و دوای دەخات  بۆ ساڵی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ دەبێت.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای I

ئەم ڕێوشوێنە کە بەهۆی هەڵمەتێکی سەرکەوتووی کۆکردنەوەی واژۆوە خرایە سەر سندوقی دەنگدان، هەرچەندە پڕۆژە یاسایەکی تا ڕادەیەک ناوازەیە، سەبارەت بەوەی کە ئەم بڕیارەی پێشووتر پوچەڵ بکاتەوە کە بەشێکی ڕیگاوبانی جەی ئێف کەی درایڤ کە درێژییەکەی 1.5 میل-ە  بەبێ ئۆتۆمبێل حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەکدا بمێنێتەوە. ڕێگاکە تەنها لە ڕۆژانی پشوو و یەکشەممە و شەممەدا لە کاتژمێر ٦ی بەیانی تا ٦ی ئێوارە بەڕووی ئۆتۆمبێلدا دادەخرا. لە نێوان مانگەکانی نیسان و ئەیلول.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای ج

پرۆپۆزەڵی J پێوەرێکی ڕکابەرە بۆ پرۆپۆزەڵی I

کە دەنگی پێشوەختەی- بڕیارەی پێشووتری سەرپەرشتیاران لەسەر ڕیگای جەی ئێف کەی دووپات دەکاتەوە، ڕێگە بەو بەشەی ڕێگاکە دەدات کە باسی لێوە دەکرێت بۆ هەمیشە بێ ئۆتۆمبێل بمێنێتەوە. بۆ دەرچوون پێویستی بە زۆرینەی سادەیە.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای L

ئەم ڕێوشوێنە باجی فرۆشتنی 0.5%ی لە شارەکە زیاددەکات کە یارمەتی دارایی پڕۆژەکانی گواستنەوە دەدات بۆ ماوەی 30 ساڵ. دەسەڵاتی گواستنەوەی شارەکە ڕێگەی پێدەدرێت تا یەک ملیار و ١٩ ملیۆن دۆلار بۆند دەربکات بۆ ئەوەی بە داهاتی باجەکە بدرێتەوە. بۆ تێپەڕاندنی پێویستی بە دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێ هەیە

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای M

ئەم ڕێوشوێنە باجێکی نوێ دەخاتە سەر خانووە چۆڵەکان لە هەوڵێکدا بۆ باشترکردنی کەمیی خانووبەرەی شارەکە بە هێنانی یەکەکانی ئێستای زیاتر بۆ بازاڕ. بەپێی شیکارییەکی شارەکە، ئەو باجە دەتوانێت لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی 4500 یەکەی بەتاڵ بخاتە بەردەست و داهاتی ساڵانە زیاتر لە 38 ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنێت. بۆ دەرچوون پێویستی بە زۆرینەی سادەیە.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای N

ئەم ڕێوشوێنە ڕێگە بە شارەکە دەدات پارەی گشتی بەکاربهێنێت بۆ کڕین، بەڕێوەبردن یان پاڵپشتیکردنی وەستانی ئۆتۆمبێلی گشتی لە گەراجی هۆڵێک لە پارکی گشتی شارەکە بەناوی گۆڵدن گەیت. بۆ دەرچوون پێویستی بە زۆرینەی سادەیە.

 

دەستپێشخەری گەڵاڵە یاسای O

ئەم ڕێوشوێنە باجی  زیادە بەسەر خاوەن موڵکەکانی سانفرانسیسکۆدا دەسەپێنێت لە هەوڵێکدا بۆ یارمەتیدانی کۆلێژی شاری سانفرانسیسکۆ. پێشبینی دەکرێت باجەکە ساڵانە نزیکەی ٤٣ ملیۆن دۆلار بگەیەنێتە کۆلێژەکە. بۆ دەرچوون پێویستی بە زۆرینەی سادەیە.

 

سەرچاوەکان:

ڕادیۆی نیشتمانی ئەمریکا

سی ئێن ئێن

ناوەندی کۆمەڵەی دەنگدەرانی ژنان

ڕۆژنامەی ئێس ئێف کرۆنیکڵ

ئینسکلۆپیدیای زانییارییەکانی ویکیپیدیا

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×