ئه‌ڵمانیا داوا له‌هه‌موو ئه‌و ئێرانیانه ده‌كات كه هه‌ڵگرى ڕه‌گه‌زنامه‌ى ئه‌ڵمانین‌و ئێستا له‌ئێرانن، هه‌رچى زوه ئه‌و وڵاته به‌جێبهێڵن‌و بگه‌ڕێنه‌وه، ده‌شڵێت:"ژماره‌یه‌كى زۆر له‌كه‌سانى هه‌ڵگرى دوو ڕه‌گه‌زنامه ده‌ستگیركراون‌و بێسه‌روشوێنن".
ئاوێنه: دوابەدوای ڕێپێوانی چەندەها هەزار ئێرانی‌و ئۆکرانی لەبەرلین‌و کۆڵنی ئەڵمانیا دژی کاربەدەستانی ئێران‌و ڕوسیا ئەندامێکی کۆمسیۆنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی فیدراڵی ئەڵمانیا لەگەڵ پێشبینی ڕوخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەمانگەکانی داهاتودا، داواشی لەوڵاتەکەی کرد کە ئێران لەزۆر ئیمتیازات بێبەشبکات‌و دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەگەڵیدا ڕابگرێت.
ئەم داواکارییە لەکاتێکدا لەلایەن ڕودریش کیزە ڤوتێر ئەندامی باڵای لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی فیدراڵی ئەڵمانیاوە خراوەتەڕوو کەوا بڕیارە ئێران شاندێک بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجی ڕێکەوتنی ئەتۆمی بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڕەوانە بکات.
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا شارەکانی ئەڵمانیاو کۆڵن ڕێپێوانی هەزارانی ئێرانی پەنابەرو کۆچبەری ئێرانی به‌خۆوه بینى کە خۆپیشاندەران داوای کۆتاییهاتن بەتوندوتیژییەکان دژی خۆپیشاندەران لەناوخۆی ئێران‌و ڕاگرتنی هاوکاریه‌کانی ئەم وڵاتەیان بۆ ڕوسیا لەشەڕی دژی ئۆکرانیا لەدروشمەکانیان زەقکردبوویەوە.
دواى دروستبونى خۆپیشاندانەکان لەئێران به‌هۆى كوشتنى ژینا ئه‌مینى‌و دواتر ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى توندى ئه‌و وڵاته له‌گه‌ڵ خۆپیشاندەران‌و دواتریش ئاشکرابونی ئێران لەفرۆشتنی چەک‌و درۆنی خۆکوژ به‌ڕوسیا لەدژی ئۆکرانیا، پەیوەندیه‌کانی ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران بەرەوە خراپى هەنگاوی ناوەو ئەڵمانیا لەهەوڵی سزادانی ئێران‌و ڕازیکردنی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادایه بۆ ئه‌وه‌ى سوپای پاسداران بخاته لیستى تیرۆرى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه.
ئەڵمانیا داواشیکردوە، ئەو هاوڵاتیانەی کە ناسنامەی ئێرانی ئەڵمانیان هەیە، هه‌رچى زوه ئێران جێبهێڵن، چونکە پاش بەردوەوامی ناڕەزایەتیه‌کان مەترسی دەستگیركردن‌و دادگاییکردن‌و بەندکردنی درێژخایەنی خاوەن ناسنامەی ئەڵمانیه‌كان هەیە.
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیاش له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ڕایگه‌یاندوه، "ئێران تائێستا ڕێژەیەکی بەرچاوی خەڵکی دوو ناسنامەیی بەتاوانی سیخوڕی‌کردن بۆ وڵاتانی دەرەوەو تێکدانی ئاسایشی ئێران ده‌ستگیركردوه‌و بێسه‌روشوێنن".
دواى لێدوانەکانی ڕودریش کیزە ڤوتێر ئەندامی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی فیدراڵی ئەڵمانیا، بیژەن جیرسەرابی سکرتێری حزبى دیموکراتی ئازاد‌و ئومێد نوری پور سەرۆکی حزبی سەوز لەچەند لێدوانێکیاندا ڕایانگەیاند، کۆماری ئیسلامی بەهەوڵ‌و هیممەتی گەنجانی ئازادیخواز، لەکۆتاییهاتن نزیکبۆته‌وه‌و وڵاتی ئەڵمانیاش دەبێت پاڵپشتی ئەم گەنجانە بێت.