2022-11-13   436     
دیموکراتەکانی ئەمریکا کورسییەکەی نێڤادایان بردەوە و زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکایان بەدەستهێنا. بەوەش بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی کورسییەکەی جۆرجیا بکەن، بوونە خاوەن زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران.
ئاوێنە: بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، دیموکراتەکانی ئەمریکا کورسییەکەی ئەنجوومەنی پیرانیان لە ویلایەتی نێڤادا بردەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەموو چاوەکان لەسەر ئەو ویلایەتە بوون و وەک کورسیی یەکلاکەرەوە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە لە ئەنجوومەنەکە تەماشا دەکرا.
ئێوارەی رۆژی شەممە بە کاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی ئهمڕۆ یهكشهممه 13ی تشرینی دووهمی 2022، بە کاتی هەولێر، ئەنجامی بەرایی دەنگەکانی ویلایەتی نێڤادا راگەیهندرا و کاترین کۆرتێز ماستۆ، كاندیدی دیموکراتەکان بە کۆی 481 هەزار و 661 دەنگ توانیی پارێزگاری لە کورسییەکەی لە ئەنجوومەنی پیران بکات و بە جیاوازیی 4982 دەنگ پێش رکابەرە کۆمارییەکەی بکەوێت.
بەوەش پارتی دیموکراتی ئەمریکا بووە خاوەنی 50 کورسی لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، ناسراو بە سێنات.
لەگەڵ بردنەوەی کورسییەکەی نێڤادا، بەبێ ئەوەی پێویست بە کورسییەکەی جۆرجیا بکات، کە چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو یەکلایی بکرێتەوە، دیموکراتەکان بوونە خاوەن دەنگی زۆرینە لەناو ئەنجوومەنی پیران، چونکە 50 ئەندامیان هەیە و لەگەڵ دەنگی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دەنگەکانیان دەبێتە 51 دەنگ.
هەرچی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، کە لەگەڵ ئەنجوومەنی پیران بەیەکەوە کۆنگرێسی ئەمریکا پێکدەهێنن، کۆمارییەکان بە جیاوازیی ههشت کورسی لەپێش دیموکراتەکانەوەن.
لە کۆی 435 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران، 211 یان بۆ کۆمارییەکان و 204 یان بۆ دیموکراتەکان یەکلابوونەتەوە. ژماردنی دەنگەکان بەردەوامە و هێشتا 20 کورسی ماون یەکلاببنەوە.