دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بۆ جاری سێیەم لەبارەی سکاڵایەک دژی ناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. ئەندامێکى کوردى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "پێدەچێت سکاڵاکە بکشێندرێتەوە، ئەگەر پەسندیش بکرێت ئەگەر زۆرە منیش سکاڵا لەدژى نەناردنى مووچەى فەرمانبەران تۆمار بکەم".
ئاوێنە: ئەمڕۆ 13ى تشرینى دووەمى 2022، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەک کۆببێتەوە, کە مستەفا سەنەد، پەرلەمانتارى سەربەخۆى عێراق لەسەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق تۆماری کردبوو، دژ بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمە سێیەم دانیشتنى دادگایە لەبارەى ئەو سکاڵاکە، دوایینجار دانیشتنی دادگە لە 25ى تشرینى یەکەمى 2022بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دواخرا، پێشتریش لە سێی تشرینی یەکەم بۆ 25ی تشرینی یەکەم دواخرابوو.
لە سکاڵاکەدا مستەفا سەنەد داوایکردووە بڕیارەکانى ژمارە 8ى ساڵى 2022، بڕیارەکانى 401 و 257 و 226 و 194ى ساڵى 2021 هەڵبوەشێندرێنەوە، کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەگەری زۆرە سکاڵاکە رەتبکرێتەوە یان پەرلەمانتارەکە بیکشێنێتەوە، چونکە مستەفا کازمی لە پۆستەکەیدا نەماوە، ئەگەر سکاڵاکە بەردەوام بێت، دەچێتە سەر محەممەد شیاع سوودانى لەکاتێکدا دەنگۆى ئەوە هەیە، کە سەرۆکوەزیرانى نوێ ئەو بڕیارەى ناردنى پارەى بۆ هەرێمى کوردستان پەسند کردبێت".
بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، دەبووایە هەموو مانگێک بەغدا مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام لەساڵى 2022دا تەنیا دووجار پارەکەی ناردووە.
جەمال کۆچەر وتى: "ئەگەر دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵاکە پەسند بکات، ئەگەر هەیە منیش سکاڵایەک تۆماربکەم لەدژى حکومەتى فیدراڵى عێراق بەهۆى ئەوەى مووچەى ساڵێکى 682 هەزار فەرمانبەرى هەرێمى کوردستانى نەناردووە، ئەگەر کەمترین مووچەى فەرمانبەرانى ناوچەکانى دیکەى عێراق هەژمار بکەین کە 500 هەزار دینارە، بەغدا لانیکەم زیاتر لە چوار ترلیۆن دینارى قەرزارى هەرێمى کوردستان دەبێت ".
پێشتر لە 18ـى تەممووزى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکى رەتکردەوە، کە لە لایەن کەسێک بەناوى جەواد کازم عەلوان تۆمارکرابوو و تێیدا تانەی لە ناردنى 200 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمى کوردستان دابوو.