كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكایان به‌ ده‌ستهێنا
  2022-11-17       400       

کۆمارییەکانی ئەمریکا زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیان مسۆگەرکرد و کۆنگرێسیان دابەشکرد. ئەوەش وادەکات لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، زەحمەتی بۆ بڕیارەکانی ئیدارەی بایدن دروست ببێت.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەکاتی واشنتن کە دەکاتە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 17ی تشرینی دووه‌م بەکاتی هەولێر، کۆمارییەکان کورسییەکی دیکەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بردەوە و بوونە خاوەنی 218 کورسیی کە ئەوەش ژمارەی پێویست بوو بۆ ئەوەی پارتێک ببێتە خاوەن زۆرینە لە ئەنجوومەنە 435 کورسییەکە.
 
ئەوەش بووە هۆی دابەشبوونی کۆنگرێس لەدوای دوو ساڵ کە پێشتر هەریەکە لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دیموکراتەکانەوەبوون.
 
هەر پڕۆژەیاسایەک کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە پێشنیاز دەکرێت، دەبێت لەلایەن هەریەکە لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە کە بەیەکەوە کۆنگرێس پێکدەهێنن، دەنگی لەسەر بدرێت و پەسه‌ندبکرێت، ئەوەش وادەکات بۆ ئیدارەی بایدن زەحمەت بێت هەر بڕیارێکی بوێت، وەک دوو ساڵی پێشتر بە ئاسانی تێی بپەڕێنێت.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای بردنەوەی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن کۆمارییەکانەوە، پیرۆزبایی لە پارتەکە کرد و رایگه‌یاند، کە ئامادەیە بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵدا بکات.
 
تا ئێستا حەوت کورسی ماوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێنەوە. هەرچی ئەنجوومەنی پیرانە، لە کۆی 100 کورسی، 99 یان یەکلایی بوونەتەوە؛ دیموکراتەکان 50 کورسییان هەیە و کۆمارییەکان 49 کورسییان هەیە. تەنیا کورسیی ویلایەتی جۆرجیا ماوە کە شتێکی ئەوتۆ لە هاوسەنگییەکە ناگۆڕێت، چونکە دەنگی کامالا هاریسی، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش بۆ دیموکراتەکان هەژمار دەکرێت.
 
ئەندامە نوێیەکان لە هەریەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەستبەکار دەبن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×