پارتی ئازادیی کوردستان: ئێران هەوڵی کوشتنی "حسێن یەزدانپەنا"ی دا بەڵام سەرکەوتو نەبو
  2022-11-23       737       

بەگوێرەی لێدوانی وتەبێژی پارتی ئازای كوردستان(پاك)، حسێن یەزدانپەنا ئامانجی سەرەکی ئێران بو لە هێرشەکەی دوێنێ سێشەممەیدا بۆ سەر بنکەکانی پارتەكەیان لە شارۆچکەی پردێ کە دەکەوێتە باکوری کەرکوکەوە.خەلیل نادری، وتەبێژی پاک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکەم بۆمب درا لە نزیک بارەگاکەی [یەزدانپەنا] دواتر بەشێوازێکی پێشمەرگانە توانی خۆی ڕزگار بکات و ئێستاش سەلامەتە."

ئاوێنە: نادری ئەوەشی وت، "دیارە ئێرانییەکانیش دەزانن کە خودی حسێن یەزدانپەنا لەگەڵ پێشمەرگەکانی لە ناو پێشمەرگەکاندا دەمێنێتەوە. ئەوە جگە لەوەی لە ڕێگەی درۆنی کەشفەوە بەردەوام چاودێری بنکەو بارەگاکانمان دەکەن بۆیە وا پێدەچێت لە ڕێگای وێنەو گرتەی ئەو درۆنانەوە پێگەی بەڕێز یەزدانپەنا زانرابێت و دەستنیشانییان کردبێت. "

وتەبێژەکەی پاک ڕایگەیاند لە هێرشەکەی دوێنێی کە تیایدا ئێران درۆنێکی شاهیدو سێ موشەکی جۆری فاتیحی بەکارهێناوە، بوەتە هۆی برینداربونی سێ پێشمەرگەی حزبەکە.

دەربارەی شێوازی ڕزگاربونی حسێن یەزدانپەنا لە هێرشەکە، خەلیل نادری وتی، " کاتێک کە موشەكی یەکەمییان دا لە نزیک پێگەکەی کاک حسێن یەزدانپەنا، بەوهۆیەوە هۆشیاربوەوە خوا وایکرد کە بەڕێزییان نەپێکران. دوای ئەوە بەشێوازی پێشمەرگانە توانی خۆی لە خاڵی هێرشەکان دوربخاتەوە. "

پێشتر ماڵپەری ئاکام نوز نزیک لە ئیتڵاعاتی ئێران ڕۆژی یەکشەممە(20/11) بڵاویکردەوە "ڕۆژەکانی کۆتایی حسێن یەزدانپەنایە، ئێمە لە دەمارەکانی گەردنی نزیکترین لێی و بەمزوانە دەکوژرێت."

لای خۆشیەوە وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان ئەوەی نەشاردەوە کە ئەوان ئاگاداری ئەو هەڕەشەیە بون و وتی" ماڵپەڕەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردودا بەئاشکرا هەڕەشەیان لە پارتی ئازادیی کوردستان و بەڕێز کاک حسێن یەزدانپەنا کردبو...خوا کردی سەرکەوتو نەبون."

ئەمە لە کاتێکدایە پێگەی هەواڵەکانی سوپای قودس لە هەواڵێکی دوێنێ ئێوارەیدا ڕایگەیاند لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر پردێ حسێن یەزدانپەنا برینداربوەو "لەبەر سەختی برینەکەی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە."

بەڵام وتەبێژەکەی پاک ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند" ئەو هەواڵە دورە لە ڕاستییەوە؛ بەڕێز کاک حسێن یەزدانپەنا ئێستا ساغ و سەلامەتەو نەپێکراوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×