هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەخت لە رێگرتن لە بەكارهێنانی خاكی عێراق دژبە وڵاتانی دراوسێ دەكاتەوە
  2022-11-28       497       

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆی ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كە لە ماڵی مام جەلال لە بەغدا بەڕێوەچو، هاوپەیمانییەكە جەخت لە پاراستنی سەروەری عێراق و رێگرتن لەبەکارھێنانی خاکەکەی بۆ بەئامانج گرتنی دەوڵەتانی دراوسێ، دەكاتەوە.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لە بەغدا بە ئامادەبونی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوەوەو تێیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی نێوخۆ و ناوچەكەو جیهانی كرد.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوە، ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت  ئاشکرایکردوە "گفتوگۆو کۆبونەوە لەسەر ئاستی باڵا لە ئارادایە بۆ رێگرتن لە پێشێلکردنی سەروەری عێراق لەلایەن ھەر لایەنێکی دەرەکی." و دوپاتیشیکردەوە "عێراق کاری جددی دەکات بۆ رێگریکردن لە بەکارھێنانی خاکەکەی وەک سەرچاوەیەک بۆ تێکدانی ئارامی دەوڵەتانی دراوسێ ".

بەپێی راگەیەندراوەكە "لە بەشێکی تری کۆبونەوەکە بڕیاردرا حکومەتی نوێی عیراق کابینەی وەزاری تەواو بکات و ھەردو وەزیری ژینگەو ئاوەدانکردنەوە دەستنیشان بکات."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گوێی لە راپۆرتێکی ھەمەلایەن گرت سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران و وردەکاری ھەردو یاساکە لەروی یاسایی و تەکنیکییەوە تاوتوێکرا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×