خامەنەیی: لە هەندێك ناوچەی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران هەیە
  2022-11-29       617       

عەلی خامەنەیی، رێبەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە دیدارێكدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە هەندێك ناوچەی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران هەیەو تەنها رێگەچارەش بۆ ئەو كارە، ئەوەیە كە حكومەتی ناوەندیی عێراق دەسەڵاتی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رێبەری باڵای سۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی خامەنەیی لە تاران پێشوازی كردوە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، خامەنەیی لە دیدارەكەدا وتویەتی، "پێشكەوتنی عێراق و گەیشتنی بە پێگەیەكی بەرز و راستەقینەی خۆی، لە بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامی ئێراندایەو، ئێمە پێمانوایە جەنابی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كەسێكە كە توانای بەرەوپێشبردنی كارو پەیوەندییەكانی عێراق و گەیاندنی ئەو وڵاتەی بە پێگەی سەربەخۆ و شایستەی خۆی هەیە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"عێراق لەڕوی سامانی سروشتی و سەرچاوەی مرۆییەوە، گەورەترین وڵاتی عەرەبی ناوچەكەیە، بەڵام بەداخەوە هێشتا نەیتوانیوە بگاتە پێگە بەرز و راستەقینەكەی خۆی."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، خامەنەیی بە ئاماژەدان بەوەی كە سەرۆك وەزیرانی عێراق وتویەتی، دەستوری عێراق رێگە بەهیچ لایەنێك نادات خاكی عێراق بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران بەكاربهێنێت، وتویەتی"بەداخەوە لە ئێستادا لە هەندێك ناوچەی عێراقەوە ئەمە رودەدات و تەنها رێگە چارەش بۆ ئەو كارە، ئەوەیە كە حكومەتی ناوەندیی عێراق دەسەڵاتی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانە."

خامەنەیی جەختی كردۆتەوە، "هەر لایەنێك بەنیاز بێت ئاسایشی عێراق تێكبدات، ئەوا ئێمە سنگی خۆمان لەبەرامبەر ئەو لایەنە دەكەینە قەڵغان بۆ پاراستنی عێراق."

وتوشیەتی، "ئاسایشی عێراق، ئاسایشی ئێرانە، هەروەها ئاسایشی ئێرانیش كاریگەری لەسەر ئاسایشی عێراق هەیە."

لەبارەی دیدارو گفتوگۆكانی ئەمڕۆی وەفدی عێراقی لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی ئێران، خامەنەیی وتویەتی، "لە خولەكانی پێشوشدا گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی باش هەبون، بەڵام كەمتر چونەتە بواری جێبەجێكردن، بۆیە دەبێت لەبارەی هەمو لێكتێگەیشتنەكانەوە بەتایبەت لە بواری هاریكاریی ئابوری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەر، هەنگاوی كرداری بنێین."

خامەنەیی ئاماژەی بە بونی هەندێك "ویست" كردوە بۆ "رێگری لە بەرەوپێشچونی هاوكارییەكانی نێوان عێراق و ئێران" و وتویەتی، "دەبێت بە هەنگاوی كرداری، بەسەر ئەو ویستانەدا زاڵ بین."

بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی خامەنەیی، لە دیدارەكەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بە پەرۆشی عێراق داوە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی نێوان هەردو وڵات لە بوارە جیاجیاكاندا بەتایبەت لە بواری ئابوریداو هەروەها وتوشیەتی، "ئاسایشی ئێران و عێراق لە یەكدی جیانین و ئێمە بەپێی دەستور رێگە بەهیچ لایەنێك نادەین كە خاكی عێراق بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران بەكاربهێنێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×