عێراق دراوی ٢٠ ھەزار دینار دەردەکات
  2022-11-30       468       

بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشكرایكرد، بانکەکەیان لەقۆناغی لێکۆڵینەوەو دیزاینکردنی جۆرێکی نوێی دراوە کە بەهاکەی 20 هەزار دینار دەبێت.

ئاوێنە: عومەر عاسم بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بەپێگەی "فوڕات نیوز"ی ڕاگەیاند، "بانکی ناوەندیی خەریکی ئامادەکارییە بۆ دیزاینکردن‌و دەرکردنی جۆرێکی نوێی دراو بەبەهای 20 هەزار دینار کە بەردەستبونی دراوە نوێکە دەکەوێتە قۆناغێکی نزیکی داهاتوو".

عاسم هەروەک وتویەتی:"دەرکردنی دراوە نوێکە زنجیرەی نیشتیمانیی کاغەزە نەختینەییەکان باشتردەکات‌و پۆلێکی مامناوەندیی نوێی دراو زیاد دەکات کە پڕۆسەی دەستاودەستکردنی پارە لەنێوان هاوڵاتیاندا ئاسان دەکات".

جەختیشیکردۆتەوە، هیچکام لەجۆرەکانی تری دراو ناکێشرێنەوە، بەڵکو ئەو جۆرەشیان بەئامانجی باشترکردنی دەستاودەستکردنی پارە زیاد دەبێت، بانکی ناوەندیش لەگەڵ چاپخانە متمانەپێکراوە جیهانییەکان لەگفتوگۆدایە بۆئەوەی لەسەر هەڵبژاردنی ڕەنگ‌و تایبەتمەندییە ئەمنییەکانی دراوە نوێکە بگەنە ڕێککەوتن.

عێراق تائێستا خاوەنی 7 پۆلی دراوی ناوخۆییە کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەرچوە، کە ئەوانیش بریتین لە {250 دینار، 500 دینار، 1000 دینار، 5000 دینار، 10 هەزار دینار، 25 هەزار دینارو 50 هەزار دینار}.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×