عێراق نزیکەی 1000 دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت
  2022-11-30       369       


عێراق نزیکەی 1000 دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت. جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەمڕۆ یان سبەی پێنجشەممە فۆڕمی ئەلیکترۆنی دامەزراندن بۆ ئەو دەرچووانە بڵاودەکاتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 30-11-2022، د. ماجد شنگالی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە وتەی ئەحمەد شەزر، بەڕێوەبەری گشتیی پلادانان لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یان سبەی پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق فۆڕمی ئەلیکترۆنی دامەزراندن، بۆ دەرچووانی زانکۆ پزیشکییەکان، پزیشکی، دەرمانساز و ددان و پەیمانگە پزیشکی و تەندروستییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بڵاوبکاتەوە.
  
لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراقدا، بە وتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەم پرۆسەیە دەربڕی کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وەک: نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەددین، بۆ ئەوەی دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە پزیشکیی و تەندروستییەکان لەو ناوچانە وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق دابمەزرێن کە مافی خۆیانە.
 
د. ماجد شنگالی ئەوەشی وت، پێشتر فۆڕمی داواکاریی دامەزراندنی نزیکەی 1000 کەسیان ئامادەکردبوو بۆ دامەزراندن، بە هەموو پێداویستی و بەڵگەکان وەک بڕوانامە و پسووڵەی خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوون و راساندنیان، بەڵام دواتر وەزیری تەندروستیی عێراق بڕیاریدا لە رێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی داواکاری پێشکێش بکرێت، ئەمە رێکارێکە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندارەکانی عێراق لە دامەزراندن پەیڕەوی دەکەن.
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پێشکەشکردنەکە تەنیا بۆ دەرچووانی خوێندنی 2020-2021 دەبێت، چونکە لەو کاتەدا پلەی وەزیفی بۆ ساڵانی رابردوو نییە.
 
پێشکەشکاران پێویستە "فۆرمی داواکاریی دامەزراندن بە راستی و دروستی پڕبکەنەوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە شوێنی نیشتەجێبوون کە دەبێت هاوتای کارتی نیشتەجێبوون بێت." بەو پێیەی وەزارەت زانیاری لەبارەی ئەو دەرچووانە هەیە، ئەگەر دەرکەوت زانیاریی و بەڵگەنامەکان نادروستن، وەکو د. ماجد شنگالی باسی کرد، "ئەوا دوور دەخرێتەوە."

سەرچاوە: رووداو

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×