لەپەرلەمانی عێراق پێشنیارە یاسایەك بۆ قەدەغەكردنی بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی پێشكەش دەكرێ
  2022-12-03       629       

ئەمڕۆ شەممە، بە ئیمزای كۆمەڵێك پەرلەمانتار، پێشنیارە یاسایەك لە پەرلەمانی عێراق بۆ قەدەغەكردنی بانگەشەو بڵاوكردنەوەی هاوڕەگەزخوازی پێشكەش كرا. ئاوێنە دەقی پێشنیارە یاساكە بڵاودەكاتەوە.

ئاوێنە: پەرلەمانتار سۆران عومەر، بە نوسراوێك كە ئیمزای 25 پەرلەمانتاری لەسەرە، پێشنیارە یاساكەی بەناوی "پێشنیارە یاسای قەدەغەكردنی بانگەشەو بڵاوكردنەوەی هاوڕەگەزخوازی" پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردوەو داوای كردوە رەوانە بكرێت بۆ تەواوكردنی هەنگاوە یاساییەكان بەمەبەستی دەنگدان لەسەری.

بەپێی پێشنیارە یاساكە كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوەو لە شەش ماددە پێكهاتوە، هەر كەسێك بە هەر هۆكارێك و لە هەر دامەزراوەیەكی حكومی، یان راگەیاندن، یان قوتابخانەو پەیمانگاو زانكۆ یان تۆڕی كۆمەڵایەتی، یاخود لەنێو كتێب و بڵاوكراوەو شانۆگەری و سینەماو لە شوێنە گشتییەكاندا، بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی بكات، بە تاوانبار دەژمێردرێت و سزای یاسایی دەبێت.

بەگوێرەی پێشنیارە یاساكە، ئەگەر ئەو كەسەی بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی دەكات، هاوڵاتی ئاسایی بو، سزا دەدرێت بە بڕە پارەیەك كە لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 8 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، ئەگەر كەسە بەرپرس یان كارمەندی حكومەت بێت ئەوا سزا دەدرێت بە بڕە پارەیەك كە لە 5 ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە 15 ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، ئەگەر بانگەشەكار دامەزراوەیەكی حكومەتی، یان كۆمپانیا یاخود رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی بو، سزا داراییەكەی لە 8 ملیۆن دینار كەمتر نابێت و لە 24 ملیۆن دیناریش زیاتر نابێت.

هەر بەپێی پێشنیارە یاساكە ئەو كەسانەی كە تاوانەكە دوبارە دەكەنەوە، سزاكەیان قورستر دەبێت و ئەو رێكخراو و كۆمپانیایانەشی كە تاوانەكە دوبارە دەكەنەوە، سزاكەیان قورستر دەبێت بەشێوەیەك كە مۆڵەتیان بۆ ماوەی 90 رۆژ لێ دەسەنرێتەوە.

بەپێی ماددەی دوی پێشنیارە یاساكە ئەو كەس و لایەنەی بانگەشە بۆ هاوڕەگەزخوازی دەكات ئەگەر هاوڵاتی یاخود دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی بێت، دوای ئەوەی سزا دەدرێت، كارەكانیشی بۆ هەتاهەتایە لە عێراق رادەگیرێت.

بەگوێرەی ماددەی سێی پێشنیارە یاساكە، ئەو ماددەو كاڵایانەی ناوخۆ یان كاڵای هاوردەكراو كە ئاڵا و نیشانەی هاوڕەگەزخوازییان لەسەرە، قەدەغەدەكرێن لەگەڵ قەدەغەكردنی هاوردەكردنیان.

بەپێی هەمان ماددە رێگەش نادرێت بە هیچ گروپ و وەفدێكی سیاسی و هونەری و وەرزشی و هیچ رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگایەكی راگەیاندن كە نیشانەكانی هاوڕەگەزخوازی بەكاربهێنێت.

بەگوێرەی پێشنیارە یاساكە، دەركردنی ئەو یاسایە، لەپێناو "بەرژەوەندی گەل و پاراستنی تاك و خێزان و كۆمەڵگەو بەها ئەخلاقییەكانە."  

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×