بافڵ تاڵەبانی: دژی ئەو سیاسەتە ناتەندروستە دەوەستینەوە كە حكومەتی هەرێم پەیڕەوی دەكات
  2022-12-07       872       

بافڵ تالەبانی، سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، "ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەتی هەرێم پەیڕەوی دەکات، هەمو جومگەکان قۆرخکراون و ژیانی خەڵکەکەمان لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لەنێوان شارەکاندا دەکات. ئێمە و لایەنە سیاسییە هاوهەڵوێستەکانی تری هەرێم دژی دەوەستینەوەو لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەین."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ماتسومۆتۆ فوتۆشی، باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق لە دەباشان کۆبونەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا و جەخت لە بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ژاپۆن کرایەوە بەجۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نێوان هەردولا بێت."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "ژیانی خەڵک و نەبونی حوکمڕانییەکی تەندروست لە هەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بو." بافڵ تاڵەبانی وتی، "ئێمە ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، هەمو جومگەکان قۆرخکراون و ژیانی خەڵکەکەمان لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لەنێوان شارەکاندا دەکات. هەر بۆیە ئێمەو لایەنە سیاسییە هاوهەڵوێستەکانی تری هەرێم دژی دەوەستینەوەو لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەین."

لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بەپێی راگەیەندراوەكە، بافڵ تاڵەیانی ئاماژەی بەھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی نوێی حکومەتی عیراق کردوەو جەختی لە هەماهەنگی نێوان لایەنەکان کردۆتەوە وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەرخستنی بەرنامەی چاکسازی و بەرقەراربونی سەقامگیری لە وڵاتدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×