خوشکەزایەکی خامەنەیی: خەڵک ترسیان لەم ڕژێمەی ئێران نەماوەو سەرکوتکارییەکان كاریگەرییان نابێت
  2022-12-08       601       

مەحمود مورادخانی، خوشکەزای عەلی خامەنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، دەڵێت، خەڵک ترسیان لەم ڕژێمەی ئێران نەماوەو چیتر سەرکوتکارییەکان کاریگەرییان نابێت.

ئاوێنە: مەحمود مورادخانی، کوڕی بەدری خامەنەیی و شێخ عەلی تارانی کە لە فەرەنسا نیشتەجێیە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا، ڕایگەیاندوە، هۆکارێكی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەی دایکی "هاوبەشیەتی لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان"دا وتی، دڵخۆشە بە بینینی ئەوەی خەڵک لە " ئەنجامی چەند دەیەیەکی چالاکی" زیاتر هۆشیاربونەتەوە.

لە چەند رۆژی رابردودا، بەدری حەسەن خامەنەیی، خوشکی ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، ڕابەری باڵای ئێڕان، لە نامەکەیدا ڕەخنەی لە رژێمە ئایینی ئێران گرتوە لە سەرەتای دەسەڵاتی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئایەتوڵا ڕوحوڵا خومەینیەوە تاوەکو دەسەڵاتی براکەی.

مەحمود مورادخانی كوڕی جەختیشی کردۆتەوە "خەڵک ترسیان لەم ڕژێمە نەماوە و چیتر سەرکوتکارییەکانی رژێم کاریگەری نەرێنی لەسەر بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەكان نابێت و نابێتە هۆی کەمکردنەوەی بزوتنەوەکەو ئەمەش زۆر گرنگە".

خوشکەزاکەی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی كردەوە کە دژایەتی خێزانەکەی لەگەڵ "کەسێتی عەلی خامەنەیی"دا نییە، رایشیگەیاند " کێشەی ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ڕژێم بە گشتی بوە. هەر لە چەند مانگی یەکەمی دوای 79 ( دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامی ئێران)ەوە باوکم وتی نابێت مەلا حوکم بکات و ئێمە دژی حوکمڕانی ئایینین. دژی دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی ویلایەتی فەقین. دایکیشم هەر لەسەرەتاوە وابو. لەبیرمە هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە کاتێک کە براکەی دەبینی، ئەم قسانەی هەر دەکرد و تەنانەت بیرمە ئێمە پەیوەندیمان دەکرد بۆ ڕزگارکردنی ئەو خەڵکەی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابو، بەڵام بە داخەوە عەلی خامەنەییش وەکو ئەوانی تر وەکو خودی خومەینی گوێی نەدەداو ئەویش تاکە ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوە بو لە دەسەڵاتدا."

مەحمود مورادخانی هیوای خواست کە لێدوانەکەی دایکی "کاریگەری ئەرێنی هەبێت" و "سەرکردەکانی ڕێژیم زیاتر هەست بەو مەترسییە بکەن و خۆیان لە مەترسیدا ببینن و ئەوانەش کە بەهۆی کۆمەڵێک بەرژەوەندییەوە بێدەنگ بون، بێنە دەنگ".

ناوبراو وتیشی"کەسانێکی زۆر هەن، تەنانەت لە بنەماڵە و لەناو پیاوانی ئایینیدا، کە لەگەڵ هەمو سیستمی دەسەڵاتی ئایینیدا هاوڕا نین و پێویستە قسە بکەن. نابێت لە سبەینێ بترسن."

مورادخانی هەروەها ڕایگەیاندوە کە خەڵک بۆ گەیشتن بە "ئازادی و دیموکراسی و ڕزگاربون لە خراپەی کۆماری ئیسلامی گیان و ماڵی خۆیان خستوەتە مەترسییەوە و لە شەقامەکاندا خەبات دەکەن"، هیوای دەربڕی کە لێدوانەکی دایکی "هاندەر" و "پشتیوانی" بێت بۆیان، بۆ ئەوی لە مێژودا نەنوسرێتەوە "خوشکی فڵان کەس، هەرچەندە دژی بو، بەڵام قسەی نەکرد".

ئاماژەی بەوش کرد دایکی کە تەمەنی نزیکەی هەشتا ساڵە لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێت لەگەڵ خەڵکیدا بچێتە سەر شەقامەکان بۆیە هەر هیچ نەبێت ویستویەتی بەم بەیاننامەیە کارێک ئەنجام بدات.

کوڕەکەی بەدری خامەنەئی باسی لەوەش کرد لە پاش ساڵی 2009وە دایکی هیچ پەیوەندییەکی بە عەلی خامەنەیی برایەوە نەماوە لەبەرئەوەی "بە فەرمانی خودی خامەنەیی تەقە لە خەڵکی کرا لەسەر شەقامەکان."

مەحمود مورادخانی، خوشکەزاکەی خامەنەیی بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لە دۆسیەی فەریدە مورادخانی خوشکیشی کرد کە لە ئێستادا لە ئێران لە زینداندایە، وتی، سەرەتا سزاکەی 15 ساڵ بو بەڵام گۆڕا بۆ پێنج ساڵ. ئەوەشی وت "ئەگەر ڕژێم بڕوخێت ئەوا زوتر ئازاد دەکرێت."

لە مانگی 11ی رابردو فەریدە مورادخانی کچەزای خامنەیی دوای ئەوەی داوای لە حکومەتەکانی جیهان کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بپچڕن، دەستگیرکرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×