پلاسخارت: گەندەڵی لە عێراق بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێ، دواجار بەخراپ بەسەر وڵاتدا دەشكێتەوە
  2022-12-09       465       

جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رایگەیاند، ئەگەر گەندەڵی لە عێراق بەم شێوەیەی ئێستا درێژەی هەبێت، ئەوە دواجار بەخراپ بەسەر وڵاتدا دەشكێتەوەو كەیسی "دزی سەدە"ش دواهەمین نابێت، بۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە.

ئاوێنە: جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە پەیامێكدا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی روبەڕوبونەوەی گەندەلی رایگەیاند"گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە روبەڕوی عێراق بوەتەوە. تێچوە ئابورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەڕاددەبەدەرە چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە مافەکانیان و کزکردنی وەبەرهێنانی جیهانی و بە ناڕەوایی بردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک لەڕوی قوتابخانەو نەخۆشخانەو چەندین خزمەتگوزاری تر پێویستن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنەو گەر هەر بەم شێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت ئەوە دواجار بەخراپ بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق، کە بە "دزی سەدە"ش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت و هەر بۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە."

جنێن پلاسخارت وتویەتی"بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکاریی سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش هەرگیز لەچاوتروکانێکدا رونادات بەڵکو پێویستی بە کاری چڕوپڕ و کۆڵنەدان و هەوڵی هەمەلایەنە هەیە بە تێگەیشتنیش لەوەی کە  ئێستا کاتی کارکردنە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "ڕاستە حکومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە رەنگە ئەم هەنگاوانە یان توشی بەربەست بن یانیش لاواز بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا توشی زیان دەبن. بەڵام رێگەم بدەن با ئەوە دوپات بکەمەوە کە ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز نابێت ئەو بوارەیان پێ بدرێت."

دەقی پەیامەكە:

پەیامی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق، خاتو جێنین هێنیس پلاسخارت لە ڕۆژی جیهانیی دژە گەندەڵیدا

گۆڕانکاری سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق

گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە روبەڕوی عێراق بوەتەوە. تێچوە ئابورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەڕاددەبەدەرە چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاوڵاتیان لە مافەکانیان و کزکردنی وەبەرهێنانی جیهانی و بە ناڕەوایی بردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک لەڕوی قوتابخانەو نەخۆشخانەو چەندین خزمەتگوزاری تر پێویستن.

من زۆر جار بە تایبەتیش لەم دواییەدا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا وتم کە "گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنەو گەر هەر بەم شێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت ئەوە دواجار بەخراپ بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوە."

کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق، کە بە "دزی سەدە"ش ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت و هەر بۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە.

ئەوەش بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکاریی سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش هەرگیز لەچاوتروکانێکدا رونادات بەڵکو پێویستی بە کاری چڕوپڕ و کۆڵنەدان و هەوڵی هەمەلایەنە هەیە بە تێگەیشتنیش لەوەی کە  ئێستا کاتی کارکردنە.

ڕاستە حکومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە رەنگە ئەم هەنگاوانە یان توشی بەربەست بن یانیش لاواز بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا توشی زیان دەبن. بەڵام رێگەم بدەن با ئەوە دوپات بکەمەوە کە ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز نابێت ئەو بوارەیان پێ بدرێت.

ئەمساڵ، رۆژی جیهانیی دژەگەندەڵی هەوڵ دەدات کە پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئاشتی و دژە گەندەڵی و سەقامگیری و گەشەپێدان بە زەقی بخاتە ڕو. سەرباسی "یەکخستنی جیهان بۆ دژایەتی گەندەڵی" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم تاوانە ماف و بەرپرسیاریی هەمو کەسێکە.

هەر بەم گیانە و لەپێناوی نەوەکانی داهاتودا، با هەمومان بە یەکەوە لە عێراق و شوێنەکانی تریش،  چی وەکو تاکە کەس و چی وەک ئەوانەی کاربەدەستن، شەڕی لێپێچینەوە و واڵایی (شەفافیەت) و سەروەری یاسا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سیستەمێک دروست کەین کە پێویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات لەجیاتی خزمەتکردنی توێژێکی داخراو کە بایەخیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زۆر کەمە.

بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ  بەرژەوەندیی حیزبی و تایبەتی پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت و دابینکردنی لێپێچینەوەش لەتەواوی پرۆسەکەدا لەوپەڕی گرینگیدایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×