سودانی و سەرۆكی چین پەیوەندییە دوقۆڵییەكان تاوتوێ دەكەن
  2022-12-09       437       

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و شی جین پینگ، سەرۆكی چین لە ریازی پایتەختی سعودیە كۆبونەوە. سودانی رایگەیاند، عێراق خوازیاری پتەوكردنی بنەمای شەراكەتە لەگەڵ چین لەچوارچێوەی دەستپێشخەری "پشتێن و رێگا"داو هەروەها لە بوارەكانی ژێرخانی ئابوریدا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و شی جین بینگ، سەرۆكی چین لە پەراوێزی لوتكەی عەرەبی-چینی لە ریازی پایتەختی سعودیە كۆبونەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات و رێگەكانی قوڵكردنەوەی هاریكاریی ستراتیژی و شەراكەتی بەردەوامی لە سەرجەم بوارەكاندا، تاوتوێ كراون.

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەكەی خواستی هەیە بۆ سود وەرگرتن لە ئەزمون و شارەزاییەكانی چین لە سەرجەم بوارەكاندا، چاویشی لە پتەوكردنی بنەمای شەراكەتە لەگەڵ چین لەچوارچێوەی دەستپێشخەری "پشتێن و رێگا"داو هەروەها لە بوارەكانی ژێرخانی ئابوریدا.

ساڵى 2013 چین دەستپێخەری "پشتێن و رێگا"ى راگەیاند، کە ئامانج لێى بەستنەوەى وڵاتانى جیهانە بەیەکدییەوە لە رێگەى تۆڕێکى رێگەى وشکانى و ئاسنین و بەندەرەکان و هێڵەکانى گواستنەوەی نەوت کە لە چینەوە تێپەڕ دەبن. 

سودانی ئاماژەی بەوەشداوە كە عێراق، كۆڵەكەیەكی بنەڕەتی سەقامگیری ناوچەكەیەو بەرەوپێشچونی ئابوریی ناوچەكەو جیهانیش هێشتا بە عێراقدا تێدەپەڕێت.

لای خۆیشییەوە سەرۆكی چین ئاماژەی بە گرنگی پێگەی جوگرافی عێراق داوە كە دەكرێت رۆڵێكی گرنگ ببینێت لە پڕۆژە درێژخانەیەكانداو بشبێتە پردو ناوچەیەكی پێكگەیشتنی نێوان وڵاتانی ناوچەكەو جیهان و خواستی وڵاتەكەشی دەربڕی بۆ هاوكاریی دوقۆڵی نێوان هەردو وڵات لەسەرجەم بوارەكاندا لەگەڵ پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئاسایش و سەروەری عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×