پەرلەمانتارێكی پارتی هۆكاری دواكەوتنی ناردنی بودجەی عێراق بۆ پەرلەمان ئاشكرادەكات
  2022-12-10       386       

شەریف سلێمان، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، جدی بون و كۆدەنگییەكی سیاسی هەیە بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز لە ماوەی شەش مانگدا. دەشڵێت، بۆچونە جیاوازە لەبارەی بەهای نەوت و پۆلێنبەندیكردنی تەرخانكراوەكان، بونەتە هۆی دواكەوتنی ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ پەرلەمان.

ئاوێنە: شەریف سلێمان، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی رەسمی عێراقی وتوە، یاسای نەوت و غاز، یەكێكە لە یاسا زۆر گرنگ و بنەڕەتییەكان بۆ ئیدارەدانی دەوڵەت بەتایبەت لە پەیوەست بە كێشەی دۆسیەی نەوت و غاز لەنێوان هەرێم و بەغدا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەئێستادا جدیبون و كۆدەنگییەك هەیە لەبارەی پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز لە ماوەیەكدا كە شەش مانگ زیاتر نەخایەنێت و جەختیشی لە گرنگی پەسەندكردنی یاساكە كردۆتەوە بۆ ئەوەی ببێتە نەخشەڕێگەیەك بۆ نەهێشتنی ناكۆكییەكان.

لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 و گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەداوە كە گفتوگۆكان لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم، هێشتا بەردەوامن لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەوە.

هەروەها سەبارەت بە دواكەوتنی ناردنی بودجەش بۆ پەرلەمان، ئاماژەی بەوەداوە كە تاوەكو ئێستا، بۆچونەكان لەبارەی بەهای نەوت لە بودجەدا یەك نەخراوەن و ئەوەش لەگەڵ چۆنیەتی پۆلێنكردنی بودجەو چەند بابەتێكی دیكە، ناردنی بودجەیان بۆ پەرلەمان دواخستوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×