وەزیری دارایی عێراق: رێككەوتن لەسەر ئەو بڕگانەی بودجە گرنگە كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان
  2022-12-12       460       

ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراقدا كە بە میواندری وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچو، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، رێككەوتن لەسەر ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق گرنگە كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و وەزیری پلاندانانی عێراقیش دەڵێت، سێ لیژنەی هاوبەشی گرنگ لەنێوان هەردولا پێكهێنراون بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی بودجە، نەوت و دەروازە سنورییەكان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، بە سەرۆكایەتی فواد حسێن، جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق بە ئامادەبونی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچو.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا، فواد حسێن ئاماژەی بە گرنگی دانیشتن لەسەر مێزێك بۆ گفتوگۆكردنی چارەسەریی سەرجەم كێشە ئابورییە هەڵپەسێردراوەكان كردوەو باسی لەوە كردوە كە ئەم دیدارە بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر رەشنوسی یاسای بودجەی گشتی عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری دارایی عێراق شیكردنەوەیەكی لەبارەی گرنگترین بڕگەكانی رەشنوسی پڕۆژە یاساكەو ئەوەی لەخۆی دەگرێت خستۆتەڕو و رایگەیاندوە، رێككەوتن لەسەر ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجە كە تایبەتن بە هەرێمی كوردستان، گرنگە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لای خۆیشییەوە، وەزیری پلاندانانی عێراق لە كۆبونەوەكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە حكومەت و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەولێرن و ئەوەشی خستۆتەڕو كە سێ لیژنەی هاوبەشی گرنگ لەنێوان هەردولا پێكهێنراون، كە یەكەمیان تایبەتە بە گفتوگۆی هاوبەش لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە، دوەم تایبەتە بە گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە یاسای نەوت و غازو پابەندییە هاوبەشەكان لەوبارەیەوە، هەروەها سێیەمیش تایبەتە بە كاركردنی دەروازە سنورییەكان و ئەوەی پەیوەندیدارە پێیانەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لای خۆیەوە، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان جەختی لە خواستی حكومەتی هەرێم كردەوە بۆ پاكتاوكردنی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەكان.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەدوای گفتوگۆیەكی بونیادنەرو ئامانجدار، فواد حسێن رایگەیاند، زەمینەیەكی هاوبەش و خواستێكی نیشتمانی هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم بابەتە هەڵپەسێردراوەكان لەڕێگەی گفتوگۆوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×