راوێژکاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ سەروی 150 هەزار ئاساییە و بانکی ناوەندی کێشەی لە دابینکردنی دۆلاری زیاتر نییە، بەڵام "بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ژمارەیەک مەرجی توندی لەسەرمان داناوە و پابەندمان دەکات بە پیشاندانی لیستی فرۆشراوی دۆلار بەناوی ئەو کەس و لایەنانەی پێیان فرۆشراوە، نەوەک ئەو پارانە بۆ تیرۆریستان و لایەنی قەدەغەکراو بڕوات."
ئاوێنە: ئیحسان شەمران یاسری، راوێژکاری بانکی ناوەندیی عێراق لە چوارچێوەی سیمینارێکدا لە پێشانگەی کتێبی بەغدا رایگەیاند "پەنجەرەی فرۆشتنی دراو ژمارەیەک ئەرکی هەیە، یەکەمیان بەدیهێنانی ئەو سەقامگیرییەیە بە نرخی رۆژ و بەدیهێنانی بازرگانیی دەرەکی لە کۆمپانیا و بازرگان و کەرتی ئابوری و جەماوەر."
یاسری پێیوایە کەرتی شمەکی لە عێراق ناتوانێت پێداویستییەکانی بازاڕی نێوخۆیی دابین بکات، بۆیە هاوردەکردن زیادیکردوە، وەزارەتی داراییش لەڕێگەی بانکی ناوەندی ئەو دۆلارەی لە داهاتەکانی دەوڵەتەوە دەستدەکەوێت لە بازاڕ دەیفرۆشێت، هەروەها بانک بەهای دۆلاری فرۆشراو دیاری دەکات لەپێناو ئاسانکردنی پێداویستییەکانی کاری دەوڵەت.
ئەو راوێژكارەی بانکەکە وتی"داخستنی پەنجەرەی فرۆشتنی دراوی بیانی، تاکە رێگەیە بۆ هێشتنەوەی ئاڵوگۆڕ بە دراوی عێراقی لە بازاڕ، بەڵام راگرتنی ئەو پەنجەرەیە کێشە دروستدەکات لە دابینکردنی دراوی خۆماڵی بۆ کڕینی دۆلاری دەستکەوتو لە فرۆشتنی نەوتەوە، پەنجەرەکەش 87%ی پێداویستییەکانی هاوردەکردنی شمەک دابیندەکات."
سەبارەت بە مەرجەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، ئیحسان شەمران یاسری رونیكردەوە"بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەنیازە مەرجی دیکە بۆ کردەکانی فرۆشتنی دۆلار زیاد بکات بۆ وردبینی لەبارەی ئەو شوێنەی دۆلارەکەی بۆ دەڕوات، بۆئەوەی ئەو پارانە نەگاتە دەستی تیرۆریستان یان لایەنە قەدەغەکراوەکان."
جەختیشی كردۆتەوە كە "بەهۆی ئەو مەرجانەوە بانکی ناوەندیی عێراق ناتوانێت پارە بۆ هەمو ئەو کەس و لایەنانە دابین بکات، کە داوای دەکەن ئەوەش قەرەباڵغی دروست دەکات و ئێمەش پابەندین و بۆ بەرژەوەندیی عێراق ئەو پێوەرانە جێبەجێ دەکەین بۆئەوەی بڕیار دەرنەچێت بە راگرتنی هاتنی دۆلار بۆ عێراق، چونکە ئەوە کارەسات دروستدەکات، فرۆشتنی دۆلاریش ملکەچی چاودێرییەکی توند لەلایەن بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دەبێتەوە، چونکە ئەو لایەنەیە کە دۆلار دەردەکات."
بەوتەی ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی عێراق، "راگرتنی فرۆشتنی دراوی بیانی ناچارمان دەکات بە لەچاپدانی دراوی زیاتری نیشتمانی و ئەوەش دینار دەکاتە سەرچاوەیەکی زیاتر بۆ ئاڵوگۆڕ و ئەو ڕێوشوێنە وا دەکات بانک بڕی موچە لەچاپ بدات و بڕەکە دەگاتە حەوت تریلیۆن دیناری مانگانە و دەگاتە 100 تریلیۆن دیناری ساڵانە، بەڵام لەچاپدان بەبێ داهات و هاتو لە دۆلار زیانی زۆر بە ئابوریی وڵات دەگەیێنێت."
لەبارەی چارەنوسی ئەو بڕە دۆلارەشی دەفرۆشرێت وتی"زیاتر لە 85%ی پارەی فرۆشراو بۆ هاوردەکردنی شمەک دەڕوات."
هەروەها لەبارەی "گەندەڵی" لە دەروازە سنورییەکانەوە راوێژکارەکەی بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، "چەندین دەروازەی نافەرمی هەن و کەرەستە و کەلوپەلی قاچاخی پێدا دەهێندرێت بەناوی شمەکی دیکەوە، لە کاتێکدا دەبێت داهاتی ساڵانەی ئەو دەروازانە 18 تریلیۆن دینار بێت کە وەکو باج و رسومات وەردەگیرێن، بەڵام تەنیا سێ تریلیۆن دینار دێتە گەنجینەی دەوڵەتەوە، چونکە کەلوپەل دەهێندرێت و بەناوی دیکە تۆماردەکرێن بە مەبەستی لێخۆشبون لە باج و گومرگ."
سەبارەت بە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی، ئیحسان شەمران یاسری ئەوەی خستەڕو، "بانکی ناوەندی بەمدواییانە سەکۆیەکی بۆ فرۆشتنی دراو دروستکردوە و ئەو بانکە مۆڵەتپێدراوانەی هەن داواکاری بەناوی کەسەکانەوە بەرزدەکەنەوە و دواتر لە ماوەی هەفتەیەکدا تەماشای ناوەکان دەکرێت و بانک پێش رۆژێک لە وادەی زیادکردنی فرۆشتنی دراوەوە هەڵوێستی خۆی رادەگەیێنێت دوای بەجێگەیاندنی مەرجەکان." وتیشی"لە هەندێک رۆژدا رێژەی ئەو داواکارییانەی رەتدەکرانەوە گەیشتوەتە 40%، چونکە مەرجەکانیان تێدا نەبوە."
ئیحسان شەمران یاسری، راوێژکاری بانکی ناوەندیی عێراق، یەدەگی دراوی بانکی ناوەندی ئاشکرا کرد و وتی، "وەزارەتی دارایی بڕی 96 تریلیۆن دیناری عێراقی لەسەرە و 44 تریلیۆن دیناری پارەی بانکی ناوەندی و 25 تریلیۆنی پارەی کەرتی تایبەتە، هەروەها بۆ یەکەمجارە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق دەگاتە زیاتر لە 90 ملیار دۆلاری ئەمریکی."