"ئەگەری هەیە مستەفا کازمی دەستگیر بکرێت بەتۆمەتی هاوکاریی کردن لەکوشتنی قاسمی سولەیمانی-دا"
  2022-12-15       809       
(ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسمی سولەیمانی

یەکێک لەسەرکردەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند لەقۆناغی داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردنی مستەفا کازمی دەردەکرێت بەتۆمەتی تێوەگلانی لەتیرۆرکردنی قاسمی سولەیمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس.

ئاوێنە: لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ شەفەق نیوز، فازڵ موات ئەلزەریجاوی، یەکێک لەسەرکردەکانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند "مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، کەئێستا لەبەغداو لەناوچەی سەوزدایە و لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لەعێراق دەپاریزرێت، لەڕۆژانی داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردن‌و لێپرسینەوەی بۆ دەردەکرێت بەهۆی تێوەگلانی لە"دزی سەدەو لەهاوکاریکردنی تیرۆرکردنی قاسمی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس".

لەم دواییانەدا محمد حەسەن جەعفەر (برای ئەبومەهدی موهەندیس)و ٧٦ کەسی دیکە سکاڵایان لەدادگای سێیەمی ئەلکەرخ تۆمار کردوە لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمریکاو مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەو وڵاتەو مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق‌و زیا ئەلموسەوی بەرپرسی هەواڵگری سەربازی عێراق، هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا لەبەغدا بەتۆمەتی تێوەگلانیان لەتیرۆرکردنی (ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسمی سولەیمانی ) لەبەردەم فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، کە دو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکاوە لەگەڵ پاسەوانەکانیان کوژران.

لەم سکاڵایەدا هاتووە کە "سێ تۆمەتباری یەکەم بەهەماهەنگی لەگەڵ تۆمەتباری چوارەم و پێنجەم، فەرمانی تیرۆرکردنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسمی سولەیمانییان بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەعێراق دەرکردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×