دایکانی رۆبۆسکی ١١ ساڵە رەشپۆشن!
  2022-12-28       448       

ئا: ئاوێنە

 

١١ ساڵ بەسەر بۆردومان و شەهیدبوونی ٣٤ هاوڵاتی کورد، لە ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠١١، لە گوندی رۆبۆسکی سەر بە ناوچەی قلەبانی پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە تێدەپەڕێت. سەرەڕای ئەمەش نە ناسنامەی تاوانباران دەستنیشانکرا و نە سکاڵایەکی یاسایی لە دادگاکاندا قبوڵکرا.

 

جگە لەوەش خانەوادەی قوربانیانی رۆبۆسکی رووبەرووی دەستگیرکردن، لێکۆڵینەوە و فشار بوونەوە. چاوەڕوانییەکانی خانەوادەکان بۆ دادپەروەری لە رەفە تۆزاوییەکانی دەوڵەتدا مانەوە، ئاسەواری کۆمەڵکوژییەکەی رۆبۆسکی تاوەکو ئێستاش، لەنێو ماڵەکان و گوندی رۆبۆسکیدا دیارە. ئازارەکە تاوەکو ئێستاش تازەیە. دایکانی رۆبۆسکی ١١ ساڵە جلە کوردیە رەشەکانیان لەبەریان دانەناوە!

رۆژنامەی یەنی ئوزگور پۆلیتیا لەم بارەیەوە لەگەڵ فەرهاد ئەنجو، هاوسەرۆکی رێکخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پارێزگای ئەستەنبوڵ، ئەم چاوپێکەوتنەی ئەنجامداوە، کە برا و کەسوکاری لە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا گیانیان شەهید بوون و شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکەیە.

 

لە دوایین هێرشەوە دەست پێ بکەین کە لەدژی کەسایەتیتان لە ئەستەنبوڵ ئەنجامدرا. هێزەکانی پۆلیس هێرشیان کردە سەرت و لەبەردەم کامێراکان زلەیان لێدایت. ئەم هێرشە کە پێش ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی ڕوویدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

فەرهاد ئەنجو؛ پێم وایە هێرشەکە پلان بۆداڕێژراوبوو. دەزانن من کێم. زۆر جار رووبەرووی هێرش بووینەوە. ئەو کەسەی کە زلەکەی لێدام، پێشتریش هەڕەشەی کردبوو. دوای زلەکە خۆی هات و دەستبەسەری کردم. هەروەها لە کاتی دەستبەسەرکردندا ئەشکەنجەیاندام. رێکەوت نییە کە هێرشێکی لەو شێوەیە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکیدا دەکرێتە سەرم. ئەمەش دەرئەنجامی بێباکی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە لەبەرامبەر کێشەکان. ئەو زلەیەی لەمندرا، لە هەموو کەسێکدرا کە بەرگری لە ئاشتی ، دیموکراسی ، ئازادی و ژیانی مرۆڤدۆستانە دەکەن. بە تایبەتی زلەیەکە کە لە هەموو گەلی کورد دراوە. ئێمەش لە سندوقی دەنگداندا زلەکەیان لێدەوەشێنینەوە.

رۆبۆسکی وەک یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی کۆماری تورکیا تۆمار کرا. رۆبۆسکی لەنێو مێژووی تورکیا چی پێگەیەکی هەیە؟

لە مێژووی کۆماردا، کۆمەڵکوژی گەورە روویانداوە، بەڵام رۆبۆسکی یەکەم کۆمەڵکوژی بوو کە دەسەڵات، بە وێنە و ڤیدیۆ لەسەر تاوانەکەدا گیرا. لە مێژوودا کۆمەڵکوژییەکی زۆر بە ئازار هەیە، وەک دەرسیم و زیلان. ئێمە لە رێگەی ئەو کەسانەی کە شایەتحاڵی ئەو قۆناغە بوون، لە کۆمەڵکوژیەکان تێدەگەین، بەڵام کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی بەو شێوەیە نییە. کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی کۆمەڵکوژییەکە لە سەرەتای کۆمەڵکوژیەکە و تاوەکو کۆتایی تۆمارکرا. ئەگەر باسی پرۆسەی دوو رۆژەکە بکەین تاوەکو تەرمەکان دەهێنرێنە گوندەکە لە رۆبۆسکی بە خاک دەسپێردرێن، دەتوانین وێنەیەک بکێشین کە ئەم کۆمەڵکوژییە چەندە دڕندانە بووە.

بەشێک لەو کەسانەی هەواڵی کۆمەڵکوژیەکەیان پێگەیشت، بەپێی پەتی رایانکرد بۆ سنوورەکە، هەندێکی تریش بەبێ ئەوەی تەنانەت پاڵتۆیەکیشیان لەبەربکەن، بەرەو شوێنی کۆمەڵکوژییەکە رۆیشتن. کاتێک گەیشتینە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە، بە چاوی خۆمان جەستەی پارچە پارچە کراومان بینی. کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی کۆمەڵکوژییەک بوو، کە پارچەی جەستەی مرۆڤ و هێسترەکان تێکەڵ ببوون. هەمووان بە دوای خزم و هاوسەر و برای خۆیاندا دەگەڕان. هەوڵی دەرهێنانی تەرمەکان لە ژێر بەرد و خاک دەدرا. لە کۆتاییدا دوای کۆکردنەوەی تەرمەکان. بە تراکتور و هێسترەکان تەرمەکان گواسترانەوە. ئەو وێنانە هەم بۆ خێزان و هەم بۆ کۆمەڵگا زەبرێکی کوشندە بوون. ئەو زەبرە گەورەیە تاوەکو ئێستاش لە ناخی خێزانی شەهیدان و کۆمەڵگادا تازەیە.

١١ ساڵ تێپەڕی و چووینە ١٢ ساڵەوە. ئەو کۆمەڵکوژییە لە کەسایەتی گەلی رۆبۆسکیدا زەبرێکی گەورەی بە گەلی کورد گەیاند. ئەمڕۆش دایکانی رۆبۆسکی جلی رەش لەبەر دەکەن. تا ئێستاش لە سەر گۆڕی منداڵەکانیان ماتەمینی دەگێڕن. تا ئێستاش بە قووڵی بەدەست ئەو کۆمەڵکوژییە دەناڵێنن. تاوەکو ئێستا بە ئازاری کۆمەڵکوژییەوە بۆ جەژن و زەماوەندەکان دەڕۆن. تەنانەت دوای ١١ ساڵ، هاوسەرگیری لە رۆبۆسکی وەک ساڵانی بەر لە کۆمەڵکوژیەکە نییە. ئێستاش کەسانێک هەن بەشداری لە هیچ خۆشیەکدا ناکەن. بۆیە زۆر شت گۆڕاون. دایکانێک هەبوون بەرگەی ئەم کۆمەڵکوژییەیان نەگرت و بە جەڵتەی دڵ کۆچی دواییان کرد. کەسانێک هەبوون نەیانتوانی بژین تاوەکو سزادانی بکوژانی ڕۆڵەکانیان ببینن. کەسانێک هەبوون بە ئازار و تووڕەیی کۆمەڵکوژییەوە روویان لە شاخەکان کرد و شەهید بوون. کەسانێکیش هەن کە تا ئێستاش دادگایی دەکرێن لەسەر ئەوەی توڕەیی و کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکە نیشانداوە. کۆمەڵکوژییەکە گۆڕانکاری زۆری لەسەر رۆبۆسکی دروست کرد. ژیان لە منداڵ و گەنجەکانی رۆبۆسکی سەندرایەوە. دایک هەیە بە بچووکترین دەنگی تۆپ یان بچووکترین دەنگ کە بەهۆی زەبر و زەنگی کۆمەڵکوژییەوە دروست بووە، هاوار دەکەن و تووشی سەرسوڕمان دەبن.

پرسی دادپەروەری لەم ساڵانەی دواییدا لە تورکیادا بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی لێکراوە. پرسی دادپەروەری بۆ رۆبۆسکی چییە؛ کاتێک باسی دادپەروەری دەکرێت، بۆ رۆبۆسکی چی دەگەیەنێت؟

پرسی دادپەروەری لە تورکیا بۆ ئێمە پرسێکی بەتاڵە. پرسێکی زارەکیە. ئێمە وەک خەڵکی رۆبۆسکی دادپەروەریمان نەبینیوە. بە واتایەکی تر دادپەروەری پرسێکە، بۆ ئێمە مانای خۆی لەدەست داوە. چونکە کاتێک مانای دادپەروەری لەبەرچاو دەگرین، دەتوانین وەک چەمکێک لەبەرچاوی بگرین کە کاریگەری ئەرێنی دروست بکات، ئازار و توڕەیی ئەو بنەماڵانە کەم بکاتەوە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی دادپەروەری لە دژی ئێمە بەکاردەهێنرێت، بە پێچەوانەوە توڕەییمان گەورەتر دەکات و ئازارەکانمان قوڵتر دەکاتەوە. بۆ نمونە ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا لێپرسینەوە لە کەس نەکراوە. دیسانەوە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم کۆمەڵکوژییە، هەموو مانگێک، هەموو هەفتەیەک، بەبێ جیاوازی، دەوڵەت بە هەموو دامودەزگاکانییەوە، فشار دەخاتە سەر بنەماڵەکان و فشاریان لەسەر دەکات کە دەنگەکانیان بە دەسەڵات بدەن. ئەمەش لەژێر چاودێری و فەرمانی وەزیری ناوخۆدا دەکرێت. بە ترساندن دەیانەوێت، خێزانەکان بۆ ناو رێکخستنەکانیان پەلکێش بکەن.

هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن چۆنە. دوایین جار کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە سەردانی رۆبۆسکی کرد. ئەم سەردانە بۆ ئێوە چی دەگەیەنێت؟

گرنگە سەرۆکی حیزبێک کە ئاواتەخوازی دەسەڵاتە، دوای ١١ ساڵ سەردانی رۆبۆسکی بکات و بەڵێنی جێبەجێکردنی دادپەروەری بدات. دوو خاڵی گرنگ هەیە لێرەدا داوای دەکەین. یەکێک لەوانە دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی و دووەمیان روونەدانی کۆمەڵکوژیەکی بەم شێوەیەیە. دوای رۆبۆسکی ئازارێکی زۆر دروست بوو. لە جزیر لە ژێرزەمینەکاندا هاوڵاتیانی کورد. ئەم هەموو کۆمەڵکوژیانە و کۆمەلکوژی رۆبۆسکی لەسەر بنەمای سیاسەتی شەڕ و مردن ئەنجامدرا، نەک گرتنەبەری ڕێگا و میتۆدی دیموکراسی لە پرسی کورددا. پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە تایبەتی بەم شێوەیە سیاسەت بکەن.

   

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×