بهگوێرهی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی هرانای ئێرانی تایبهت بهمافهكانی مرۆڤ، لەساڵی ڕابردودا لانیکەم 587 کەس لەنێویاندا 5 مێردمنداڵ لەئێراندا لەسێدارە دراون.
ئاوێنه: ئاژانسی دەنگوباسی هرانا کە پشت بەچالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، ڕاپۆرتێکی لەسەر مافەکانی مرۆڤی لەئێران بڵاوکردۆتەوە. لەڕاپۆرتەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەو پیشێلکارییانەی لەساڵی 2022 لەسەرانسەری ئێران دژ بەمافەکانی مرۆڤ کراون.
ئاژانسی هرانا ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه بۆ نوسینی ڕاپۆرتە 62 لاپەڕەییەکەی لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەئێران، پشت بەزانیارییەکان و بەڵگەکانی 13 هەزارو 342 ڕاپۆرتی تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ بەستراوە کە لە 267 سەرچاوەی هەواڵی لە 1ی مانگی 1 ی ساڵی 2022 وە هەتا 20 ی مانگی 12 ی 2022 کۆکراوەتەوە.
ڕاپۆرتەکە باس لەپێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان، منداڵان، زیندانیان و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات و ئاماژەش بەوە دەکات لەساڵی ڕابردودا زۆرترین ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەمانگی 11 ی ساڵی 2022 دا تۆمارکراوەو کەمترینیش لەمانگی 4 ی ساڵەکەدا بووە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی هرانا لەماوەی ساڵی ڕابردودا لانیکەم 3 هەزارو 84 خۆپیشاندان لەئێراندا ئەنجامدراون، لەو ژمارهیه، یهك هەزارو 234 خۆپیشاندانیان لهژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئهنجامدراون كه تا ئێستا لەسەرانسەری ئێڕاندا بەردەوامەو ئەوانی تریش پەیوەندییان بەکارکردن و سەندیکاکانی کرێكارانەوە هەبووه.
ئاژانسەکە دەڵێت، لەساڵی ڕابردودا لانیکەم 587 کەس لەناویاندا 5 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ لەئێراندا لەسێدارە دراون. نزیکەی پێنج ملیۆن منداڵ لەخوێندن دابڕاونو 200 هەزار منداڵیش لەژێر تەمەنی یاسایی هاوسەرگیرییان کردووە.
دەسەڵاتی دادوەری ئێران لەساڵی 2022دا لانیکەم 21 هەزارو 150 سزای لێدانی بەقامچی دژ بەهاوڵاتیانی ئێرانی دەرکردووە. لانیکەم 22 هەزارو 655 کەس بەهۆی دەربڕینی بیروڕایان زیندانی کراون. کۆی 720 ساڵی سزای زیندانی سەپێندراوە بەسەر 665 کەسی کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون.