پاسه‌وانی سنور ده‌رگای دامه‌زراندنی بۆ 3000 کەس کردەوە
  2023-01-16       1316       

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بەمەبەستی زیادکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنور لە هەرێمی کوردستان، دەرفەتی دامەزراندن بۆ 3000 کەس لە ئاستی هەرێم و عێراق بکاتەوە و پێشکەشکردنەکەش لەرێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنییەوە دەبێت.

 ئاوێنە: کاروان خۆشناو، وتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنور لە پەیامێکدا رایگەیاند، فۆرمەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ کارا دەبێت و لەئێستادا هاوڵاتیانی هەرێم دەتوانن ناوی خۆیان تۆماربکەن، دوای ئەوەی شەوی رابردو ده‌رگای دامه‌زراندن بۆ 3000 کەس کرایەوە تاوەکو بتوانن لە ریزی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنور خزمەت بکەن.

ئاماژەی بەشکرد، دەرفەتی دامەزراندنەکە بۆ هەمو عێراق دەبێت، بەڵام پشکی سەرەکی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت، دامەزراندنەکەش لەرێگەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی دەبێت.

دوای بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ بڵاوکردنەوەی هێز لە سنورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان تائێستا کاتی بڵاوە پێکردنی ئەو هێزەو جۆری هێزەکە ڕون نیە. بەتایبەت کە لەئێستادا نزیکەی نۆ هەزار هێزی پاسەوانی سنوری عێراق لە هەرێم هەن و ئەرکیان پاسەوانی سنورە و لە ناحیەی مەیدان لە گەرمیانەوە تا دەروازەی سیمێلکا بڵاو بونەتەوە.

فەرماندەی پاسەوانی سنوری عێراق سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵە، پێکهاتوە لە نزیکەی 50 هەزار پاسەوان و دابەش بون بۆ شەش فەرماندەی ناوچەی جیاواز. فەرماندەی ناوچەی یەک تایبەتە بە هەرێمی کوردستان.

بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە کلیک لەم بەستەرە بکە

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×