پوتین و ئەردۆغان تاوتوێی پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیاو سوریا دەكەن
  2023-01-16       458       
دیدارێكی نێوان پوتین و ئەردۆغان، وێنە: ئەرشیف

ئەمڕۆ دوشەممە، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی روسیاو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا چەند پرسێكیان تاوتوێ كردوە لەنێویاندا پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیاو سوریا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی كۆشكی كرملین، ئەمڕۆ دوشەممە، پوتین و ئەردۆغان پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوەو تێیدا پرسی هەناردەی دانەوێڵەی ئۆكرانیاو هەروەها بەردەوامی پەرەپێدانی هاریكاریی نێوان روسیاو توركیاو پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیاو سوریایان تاوتوێ كردوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە مۆسكۆ هەوڵەكانی بۆ لێكنزیككردنەوەی ئەنقەرەو دیمەشق دەستپێكردوەو لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی 28ی 12ی 2022، وەزیرانی بەرگری توركیاو سوریا بە ئامادەبونی سەرۆكانی دەزگای هەواڵگری هەردو وڵات و وەزیری بەرگری روسیا لە مۆسكۆ كۆبونەوە.

رۆژی 5ی ئەم مانگەش ئەردۆغان رایگەیاند، كۆبونەوەی داهاتوی نیوان وڵاتەكەی لەگەڵ سوریاو روسیا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە دەبێت و دواتریش ئەگەری كۆبونەوەی نێوان سەرۆكانی هەر سێ وڵات هەیە.

هەروەها رۆژی 12ی ئەم مانگە، مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە ماوەی داهاتودا لەگەڵ هاوتا سورییەکەی کۆدەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×