تورکیا یاریزانێکی باسکەی نیشتمانيی ئەمەریکا دەخاتە لیستی تێرۆرەوە
  2023-01-20       1054       

تورکیا یاریزانی باسکەی ئەمەریكی ئەنەس فریدەم دەخاتە لیستی تیرۆری وڵاتەكەیەوەو خەڵاتی 500 هەزار دۆلاری تەرخانكردوە بۆ دەستگیركردنی.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی دەنگی ئەمریكا، ناوی ئەنەس لەو لیستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیادا هەیە کە بە " لیستی ڕەساسی" لەقەڵەم دەدرێت کە دەکەوێتە نزمترین لە ڕیزبەندی ئەو پێنج لیستەی کە بە پێی ڕەنگ جیاکراونەتەوە، خەڵاتی هەتا 500 هەزار دۆلار تەرخانکراوە بۆ دەستگیرکردنی ئەنەس.

هێشتا ڕون نییە کەی تورکیا ناوی ئەنەسی خستۆتە ئەو لیستەوە، بەڵام ئەو بە کەناڵی فۆکس نیوزی وتوە لە ڕۆژی سێشەممە کاتێک لە ڤاتیکان بوە بۆ یاری باسکە لەلایەن (ئێف بی ئای)ەوە پێی وتراوە پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا.

لە دیمانەکەیدا لەگەڵ فۆكس نیوز ئەنەس وتوشیەتی"ئەمە یەکەم جارە حکومەتی تورکیا خەڵاتێک بۆ دەستگیکردنی من تەرخان بکات و بمخاتە لیستی تێرۆرستانی داواکراوەوە، تەنها لەبەرئەوەی باسی هەندێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ڕەوشی زیندانیانی سیاسیم لە تورکیا کردوە."

وتوشیەتی"من تەنها کەس نیم، زۆرێک لە ڕۆژنامەنوس، ئەکادیمی، پرۆفیسۆر و کەسایەتییە ناودارەکان لەو لیستەدا هەن".

ئەنەس رەخنەگری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و تۆماری مافەکانی مرۆڤی وڵاتەکەی بوەو داوای لە بەڕێوەبەرایەتی بایدن و سەرکردەکانی دیکەی ڕۆژئاوا و ناتۆ کردوە هەنگاو لەوبارەیەوە بنێن.

تورکیا لە ساڵی 2019 فەرمانی دەستگیرکردنی ئەنەسی داو تۆمەتباری کرد بەوەی كە ئەندامی "گروپێکی تیرۆرستی"یە کە پەیوەندی بە فەتحوڵا گولەنەوە هەیە. تورکیا فەتحوڵا گولەن بە هەوڵی کودەتا شکستخواردوەکەی ساڵی 2016 تۆمەتبار دەکات کە گولەن نکوڵی لێدەکات.

ئەنەس یاریزانی باسکەی نیشمانسی ئەمەریکا لە سویسرا لە دایک و باوکێکی تورک هاتۆتە دنیاوەو لە تورکیا گەورە بوە، پاش ئەوەی لە ساڵی 2009 بە مەبەستی یاری باسکەو خوێندن هاتوە بۆ ئەمەریکا پاشناوی خۆی لە ئەنەس قەنتەرەوە گۆڕیوە بۆ ئەنەس فریدەم واتا ئازادی.

لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لە مانگی دوی ساڵی ڕابردو باسی لە هۆکاری گۆڕینی پاشناوەکەی کردوەو وتویەتی"کە تازە هاتبوم یەکێک لە یاریزانەکانی تیمەکەم ڕەخنەی لە سەرۆکی ئەمەریکا گرت، منیش زۆر ترسام و وامزانی زیندانی دەکرێت، تەنانەت لێم پرسی تۆ ناترسی؟ تەماشای کردم و پێم پێکەنی و وتی ئێرە تورکیا نییە. ئەوجا باسی ئازادی ڕادەربڕینم بۆ کرا لە ئەمەریکا و زانیم هەمو وڵاتێک تورکیا نییە." وتوشیەتی، "ویستم ئەو ئازادییە بلکێنم بە خۆمەوە بۆ ئەوەی لە هەمو شوێنێک لەگەڵمدا بێت."

ئەنەس فریدەم لە 11 خولی باسکەی نیشمانیی ئەمەریکادا بەشداری کردوە كە نوێترینیان لە ساڵی 2022 لەگەڵ یانەی باستن سێڵتکس بوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×