حكومەتی هەرێم: لە سایەی ئەم دادگای فیدرالییەی ئێستادا، هیچ دەرفەتێك بۆ چارەسەری كێشەكان نییە
  2023-01-25       612       

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی دژی رێككەوتنی لایەنەكان و کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە و دەشڵێت، لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستور دروست نەکراوە، هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت و ئێمە بڕیارەکانی ڕەت دەکەینەوەو داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارەو پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی.

ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمشەو چوارشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی بڵاوكردەوەو رایگەیاند"بەداخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستوری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دوپات کردەوە."

ئەوەشی وتوە"ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەواو دژایەتیکردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکنزیکبونەوە لە نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دروست ببو بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور، کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاکە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی کە دروست بوە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."

حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە كە "هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدرالی دەستورییەو ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستوری عێراقن. هەروەها دژی رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دژی کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوەو تێیدا لە بڕگەیەکدا بە ڕونی باس لە خۆدورگرتن لە هەر ڕێکاڕێک دەکات کە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات ( تجنب اية اجراءات تصعيدية)."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێکی ڕون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیارو ڕەفتارە ناڕەواکانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت. هەروەک لە کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشدا هاتوە کە هەمو لایەنە بەشداربوەکان لەسەری ڕێککەوتون، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونکە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستور دروست نەکراوە، هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە "هەرێمی کوردستان رێز لە دەستورو یاساو دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەڵام ئەم دادگایە بەشێوەیەکی دەستوری پێکنەهاتوەو ڕێک نەخراوەو ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدراڵی بڕیار بدات، بۆیە بڕیارەکانی ڕەت دەکەینەوەو داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیاندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی بڕیارەکەی دادگای ئیتیحاددی

بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستوری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دوپات کردەوە.

ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەواو دژایەتیکردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکنزیکبونەوە لە نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دروست ببو بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستور، کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاکە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی کە دروست بوە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار شاندی ناردوەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار کراو هەردولا نیازپاکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستورو ئەو کارنامەیەی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەتون دوپاتکردەوە.

هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدرالی دەستورییەو ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستوری عێراقن. هەروەها دژی رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دژی کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوەو تێیدا لە بڕگەیەکدا بە ڕونی باس لە خۆدورگرتن لە هەر ڕێکاڕێک دەکات کە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات ( تجنب اية اجراءات تصعيدية).

بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێکی ڕون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیارو ڕەفتارە ناڕەواکانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت. هەروەک لە کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشدا هاتوە کە هەمو لایەنە بەشداربوەکان لەسەری ڕێککەوتون، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونکە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستور دروست نەکراوە، هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت.

هەرێمی کوردستان ڕێز لە دەستورو یاساو دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەڵام ئەم دادگایە بەشێوەیەکی دەستوری پێکنەهاتوەو ڕێک نەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدراڵی بڕیار بدات، بۆیە بڕیارەکانی ڕەت دەکەینەوە و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی.

حکومەتی هەرێمی كوردستان

25 کانونی دوەم 2023

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×