سودانی بەغدای بەرەو دەرەوەی وڵات جێهێشت
  2023-01-26       334       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەغدای بەرەو فڕەنسا جێهێشت و لەو وڵاتەدا ژمارەیەک کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا ئەنجام دەدات لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و پاریس.

ئاوێنە: هەرچەندە تائێستا نوسینگەی سەرۆک وەزیران هەواڵی سەردانەکەی بڵاونەکردوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق بە کەناڵی سۆمەریەنیوزی راگەیاندوە، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەغدای بەرەو فڕەنسا بەجێهێشتوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق کە سەردانەکەی ئەمڕۆ دەبێتە هەشتەمین گەشتی دەرەوەی وڵات لەدوای دەستبەکاربونی حکومەتەکەی کە تەمەنی ناگات 100 رۆژ، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردبو، ئامانجی سەردانەکەی بۆ فڕەنسا دروستکردنی دەرفەتێکی تازەیە بۆ دامەزراندنی هاوبەشی بەردەوام و ستراتیژی لەنێوان کۆمپانیاکانی هەردو وڵاتدا.

باسی لەوەشکردبو، باوەڕیان بەوەیە دەبێت عێراق لەئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا پەیوەندییەکی هاوکار و هاوسەنگی هەبێت و دوربێت لە جەمسەرگیری، هەروەها بەغدا دەیەوێت هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیهان پەرەپێبدات و کۆمپانیاکانی فڕەنساش لەپێشەوەی ئەوانەدان کە بەغدا بانگهێشتیان دەکات بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×