مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا دەکات، لەماوەی شەش مانگدا یاسای دادگای فیدراڵی عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچێت و دادگاکە بە یاسای نوێ دەستبەکاربێتەوە.
ئاوێنه: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەڵمانی، لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا، هەوڵێکە بۆ تێکدانی دەرفەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە گوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ. لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە دوا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ بۆ ڕێگەگرتن لە ناردنی بەشێک لە شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی دیکەی ناڕەوای ئەم دادگایەیە، بۆ تێکدانی ئەو دەرفەتە نوێیەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو کەشە ئەرێنیەیە کە لە دوا سەردانی شاندی باڵای حکومەت بۆ بەغدا دروست بوو.
مەسرور بارزانی وتیشی: بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی کابینەی نوێی عێراق، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا لە دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی عێراق، هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵ و ئەنجومەنی ئیتیحادی دەربچن، چونکە هەنگاو و رەفتارەکانی ئێستای دادگای فیدراڵ، بە داخەوە کێشە دروستکردنە لە بەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەركردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.