بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لە هاوڵاتییانی شارەکە دەکات هەرکەس زانیاریی لەبارەی ئەو مێردمنداڵەوە هەیە کە ماوەی چوار رۆژە دیارنەماوە پەیوەندییان پێوەبکات.
ئاوێنه: بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، “دوێنێ دوابەدوای ئاگادارکردنەوەمان لە لایەن هاوڵاتییەکەوە بەبوونی رووداوێکی ونبوون و بێسەروشوێنبوونی کوڕەکەی، بۆیە هەر زوو دوای وەرگرتنی زانیاری بە پێی راسپاردەی بەڕێوەبەرمان تیمەکانمان کەوتنە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی ئەم مێردمنداڵە 12ساڵانەیە کە چوار رۆژە دوای دەرچوونی لە ماڵ بەمەبەستی یاریکردن تاکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەگەرچی دوێنێ کارمەندانمان و تیمەکانی رزگارکردنمان تا درەنگانێکی شەو بەردەوامبوون لە گەڕان و لە ئێستاشدا سەرقاڵی گەڕانن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو مێرمناڵە”.
داوایشیکرد، “داوا لە هاوڵاتییان و هاوشارییان دەکەین لەبوونی هەر زانیاریەک پەیوەندیمان پێوە بکەن هاوکاریی هاوڵاتییان بۆ ئێمە باشترین و چاکترین کۆمەکە بۆ تیمەکانمان و کەسوکاری ونبووەکە”.