لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فەرەنسا ئەو دوو وڵاتە لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی واژۆکرد.
ئاوێنه: ئەمڕۆ هەینی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە نێوان سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق و سەرۆکی دەزگای دژە گەندەڵی فەرەنسا واژۆکراوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، یاداشتنامەکە کۆمەڵێک بڕگەی تایبەت بە هاوکاری هاوبەشی نێوان عێراق و فەڕەنسا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی گەندەڵی و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی لە خۆگرتووە.
باسی لەوەشکردووە، لە یاداشتەکەدا باس لە وەرگرتنەوەی پارەی دزراو و قاچاخی عێراقی لە فەڕەنسا پێش و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە کراوە و لە یاداشتنامەکەدا رێککەوتوون هەردوولا ئەو کەسانە رادەستی یەکدی بکەن کە تێوەگلاون لە دۆسیەکانی گەندەڵی سپیکردنەوەی پارە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەروەها یاداشتەکە پرسەکانی هاوکاری تەکنیکی بۆ رێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرزکردنەوەی شارەزایی و پەرەپێدان و باشترکردنی ستراتیژی و سیاسەتەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەخۆگرتووە.