ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کاندیدی هاوبەشی سەرۆکایەتی رادەگەیەنێت
  2023-01-30       443       

رۆژی 13ی مانگی داهاتو شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەبێ بەشدار هەدەپە کۆدەبنەوە و کاندیدی هاوبەشیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رادەگەیەنن کە دەبێتە رکابەری سەرەکی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی ئێستای تورکیا و کاندیدی هاوپەیمانی دەسەڵات.

ئاوێنە: کەمال کلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەکۆبونەوەی داهاتوی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن کە رۆژی 2023/2/13 ئەنجام دەدرێت، بەفەرمی کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکایەتی تورکیا دیاریدەکەن.

لەبارەی گریمانەی کاندیدبونی کەمال کلیچدارئۆغلۆش بۆ سەرۆکایەتی تورکیا وەک کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، ناوبراو ئەوەی خستوەتەڕو، "هەرچەندە هەمو حزبێک یان لایەنگرانی حەز دەکەن سەرۆکی پارتەکەیان وەک کاندیدی سەرۆکایەتی دیاریبکرێت، بەڵام بابەتەکە ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت شەش سەرکردەکە کۆببنەوە و پێکەوە بڕیار بدەن".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە "ئەگەر ببیتە کاندیدی هاوبەشی شەش لایەنەکە، دەکرێت لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەویت؟"، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێت، "بێگومان دەتوانین سەرکەوین. هەمو ڕاپرسییەکان کە بە هەر شێوەیەک ئەنجام دراون ئەوە دەردەخەن. بەڵام بابەتە گرنگەکە ئەوەیە کە ئێمە بڕیارمانداوە دیموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ ئەم وڵاتە بهێنین، هەژاریش دەکەین بە مێژو".

بەگوێرەی دوایین راپرسی کە کۆمپانیای ماک لە تورکیا ئەنجامیداوە، هاوپەیمانی جمهور کە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات لە هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی داهاتو 40%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و هاوپەیمانی میلـلەتی ئۆپۆزسیۆن (شەش پارتەکە)ش دەگاتە 45%، هەروەها 15%ـی دەنگەکانیش بۆ هەدەپەو چەند پارتێکی دیکە دەبێت، بەو پێیەش ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بە پاڵپشتی هەدەپە دەتوانێت سەرۆک کۆمار بگۆڕێت.

ئەو کۆبونەوانەی شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن بێ بەشداری هەدەپە بەڕێوەدەچن، لە کاتێکدا هەدەپە یەکێکە لە پارتە بەهێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا و خاوەن جەماوەرێکی زۆرە؛ لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا کە 2019 بەڕێوەچو، هەدەپە پشتیوانی لە جەهەپە کرد و بەوجۆرە ئۆپۆزسیۆن گەورەشارەوانییەکانی وەکو ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا و چەندین شارەوانیی دیکەی گرنگی لە ئاکپارتی وەرگرتەوە.

هەدەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە زوتر هۆشداریی دایە تەواوی پارتەکان بەوەی هیچ هاوپەیمانییەکی نافەرمی پەسند ناکات و لە ئەگەری نەبونی رێککەوتنی واژۆکراودا پشتیوانیی هیچ لایەنێک ناکات.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×