وڵاتێکی ئەوروپی: سووتاندنی قورئان تاوانە
  2023-01-31       779       


پۆلیسی فینلاند، ڕەتیکردەوە ڕێگە بە سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان بدات، هاوشێوەی ئەوەی لە وڵاتانی سکاندیناڤیا ڕوویدا، کاتێک وێنەیەک لە قورئان سووتێنرا.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی ڕۆژنامەکانی فینلاند، ئەنجوومەنی پۆلیسی نیشتمانی فینلاند ڕایگەیاندووە: سووتاندنی قورئانی پیرۆز ڕێگە پێدراو نیەو سوتاندنی کتێبە پیرۆزەکانیش تاوانە و سزای لەسەرە.

ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتە لە زاری ڤیزا بیهاجۆکی بەرپرسی پۆلیسی فینلاندەوە بڵاویانکردووەتەوە: پۆلیس پێشوەختە ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان یان ئەو کەسانەی دەیانەوێت کارێکی دژ بە رێساو یاساکان بکەن و کتێبە پیرۆزەکان بسووتێنن ئاگادار دەکاتەوە کە کارێکی لەو جۆرە ڕێگەپێدراو نییە.

ڕۆژنامەکان دەڵێن: بە پێچەوانەی وڵاتانی تری سکاندیناڤیاوە، یاسای فینلاندا پارێزگاری لە (ئاشتی ئایینی) دەکات و سزای هەر کەسێک دەدات کە پێشێلکاریی بکات.

ئەم هەنگاوەی پۆلیسی فینلاند دوای ئەوە هات کە لە سوید و دانیمارک و هۆڵەندا کتێبی پیرۆزی موسوڵمانان سووتێنراوە، کە دواین جار سیاسەتمەداری توندڕەوی دانیمارکی، ڕاسموس پالودان، ڕۆژی ٢١-١-٢٠٢٣، لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە سوید ، کۆپییەکی قورئانی سووتاند.

هەینی ڕابردووش، پالودان دوای کۆتایی هاتنی نوێژی هەینی لە ناوچەی دۆرتڤیگ لە کۆپنهاگن لەبەردەم مزگەوتێک دووبارە قورئانی سووتاند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×