بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار، هێزی هەواڵگریی عێراق دەچنە بازگەكانی كەركوك
  2023-02-03       733       
دەستبەسەرداگرتنی یەك ملیۆن دۆلار لەبازگەیەكی دیالە/ وێنە: راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی دۆلار هێزی هەواڵگریی عێراق دەچنە بازگەو دەروازەكانی شاری كەركوك.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ـی راگەیاندوە، كارمەند و ئەفسەرانی هەواڵگری لە بازگەو دەروازەكانی شاری كەركوك و قەزای داقوق و ناوچەكانی دیكە دانراون، بۆ رێگریكردن لە "بەقاچاغبردنی" دۆلار.

ئەوەش دوای ئەوەدێت محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئێوارەی پێنجشەممە 2ـی شوبات بڕیاری لەسەر چەند رێوشوێنێكی ئەمنی دا، لە نێویاندا چاودێری بازگەكان و دەروازەكان، تا رێگەنەدرێت دۆلار "بەقاچاغ" ببرێتە دەرەوە.

ئەمڕۆش لە پارێزگای دیالە، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلاری راگەیاند، وەك لە بەیاننامەیەكیاندا بڵاویانكردەوە "ئامادەكرابو لە بازگەی غالبییەوە بە قاچاغ ببرێتە پارێزگاكانی باكور."

رۆژی پێشتریش لە بەغدا، نەینەوا و سەڵاحەدین، چوار كەس دەستگیركران بە تۆمەتی حەواڵەی نارەسمی پارە، كە بڕی 278 هەزار دۆلار و زیاتر لە 660 ملیۆن دیناری عیراقییان پێگیراوە.

ئەو رێكارە ئەمنییانە لە كاتێكدایە، بەهای دینار تادێت زیاتر دادەبەزێت سەرباری چەندین رێوشوێنی دیكە بە تایبەت لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، بەڵام كاریگەری لەسەر بازاڕ نەبوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×