محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوپاتیدەكاتەوە كە دینار "بەهێزترە"و داواش لە هاوڵاتیان دەكات دۆلار لای خۆیان نەهێڵنەوە. دەشڵێت، لەبارەی رەشنوسی یاسای نەوت و گاز گفتوگۆ لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی یاسای نەوت و گاز وتی: "گفتوگۆ لە نێوان بەغداو هەولێر لەبارەی رەشنوسی یاسای نەوت و گاز هەیە. گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکە دەکەین و دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی 2023، پێشکەشی پەرلەمانی دەکەین."
محەمەد شیاع سودانی لەبارەی نرخی دۆلار و دیناریش رایگەیاند"بڕیارماندا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بکرێتە 1300 دینار لە وەزارەتی داراییەوە. بانکی ناوەندیی عێراقیش بە 1310 دەیفرۆشێتە بانکە تایبەتییەکان و ئەوانیش بە 1320 دینار دەیفرۆشنە هاوڵاتیان."
سەرۆک وەزیرانی عێراق جارێكی دیكە دوپاتیكردەوە كە دینار "بەهێزترە"و داوای لە هاوڵاتییان کرد دۆلار لای خۆیان نەهێڵنەوە و خۆیان لە کڕینی بەدور بگرن.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بایەخی زیاتر بە وەبەرهێنان لە کەرتی گازدا دەدات و وتی، دەبێت گازی عێراق بچێتە بازاڕەکان و هەناردەی دەرەوە بکرێت.