ئەردۆغان: تا ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدان لەبومەلەرزەكەدا گەیشتۆتە 8 هەزارو 574 كەس
  2023-02-08       499       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، رایگەیاند، تا ئێستا لە بومەلەرزەكەی توركیادا، هەشت هەزارو 574 كەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەردانی ناوچەی مەڕەشی كردو ئاماری نوێی بومەلەرزەكەی ئەو وڵاتەی راگەیاند.

بەپێی قسەی ئەردۆغان تاوەكو ئێستا لە بومەلەرزەكەی توركیادا هەشت هەزارو 574 كەس گیانیان لەدەستداوەو 49 هەزارو 133 كەس برینداربون و شەش هەزارو 444 خانو و باڵەخانەش روخاون.

سەرۆك كۆماری توركیا وتی، هەمو سەرچاوەكانمان خستۆتەگەڕ بۆ روبەڕوبونەوەی شوێنەوارەكانی بومەلەرزەكە، دەوڵەت بەوپەڕی تواناوە لەگەڵ شارەوانییەكان و بەتایبەت ئاژانسی كارەساتی لەناكاو و فریاگوزاری كار دەكات بۆ روبەڕوبونەوەی كاریگەرییەكان بومەلەرزەكە.

جەختیشی كردەوە "با هاوڵاتیانمان دڵنیابن كە رێگەنادەین لە دەرەوەو لەسەر شەقامەكان بمێننەوە."

وتیشی"زیانلێكەوتوانی بومەلەرزەكە ئەوانەی دەیانەوێت دەتوانن بۆ مانەوە بچنە ئەو هۆتێلانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ كراوە لە پارێزگاكانی ئەنتالیاو مێرسین و شاری ئالانیا."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پڕۆسەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون لەو 10 پارێزگایەی كە بومەلەرزە زیانی پێگەیاندون، جێبەجێ دەكەن.

وتیشی، هەر خێزانێكی زیانلێكەوتو 10 هەزار لیرەی توركی دەدرێتێ كە دەكاتە نزیكەی 530 دۆلاری ئەمریكی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×