سێ تۆمەتبار بە 200 ملیۆن دۆلارەوە دەستگیركران
  2023-02-08       1480       

لەشاری بەغدا، سێ كەس لەلایەن هێزەكانی عیراقەوە دەستگیركران، كە بەنیازبوون بڕی 200 ملیۆن دۆلار بە قاچاغ حەواڵەی دەرەوە بكەن.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سێ كەس كە هەوڵیاندابوو لە یەكێك لە نووسینگەكانی ئاڵوێری دراو لە ناوچەی كەڕادە-ی ناوەڕاستی بەغدا، بەپێچەوانەی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی، دۆلار بۆ دەرەوە حەواڵە بكەن، لەلایەن ھێزەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگریی و ئاسایش سەر بە وەزارەتی بەرگریی دەستگیركران.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لەكاتی دەستگیركردنی سێ تۆمەتبارەكەدا، دەستبەسەر بڕی 200 ملیۆن دۆلاردا گیرا، كە بەنیازبوون بەپێچەوانەی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی، رەوانەی دەرەوەی وڵاتی بكەن.

دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەن لەدوای دەرچوونی بڕیارێكی حكومەتی عیراق دێت بۆ رێگریكردن لە چوونە دەرەوەی دۆلار، كە یەكێك بووە لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دیناری عیراقی، كە لەچەند رۆژی رابردوودا نرخی 100 دۆلار گەیشتە 177 هەزار دینار.

حكومەتی عیراق لەپاڵ گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دراوەكان، هاوكات بڕیارەكەی بانكی ناوەندیشی پەسەندكرد بۆ دابەزاندنی نرخی 100 دۆلار بۆ 130 هەزار دینار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×