سودانی و ئەسەد بەتەلەفۆن قسەیانکرد: عێراق هاوکاری زیاتر رەوانەی سوریا دەکات
  2023-02-08       379       

سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری سوریا بەتەلەفۆن قسەیان لەبارەی بومەلەرزەکەی سوریا و چۆنیەتی پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی زیاتر کرد، لای خۆیەوە بەغدا بڕیاریدا لەبوارەکانی هاوکاری مرۆیی، پزیشکی، بەرگری شارستانی و خۆراک  هاوکاری زیاتر رەوانەی سوریا بکات.

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا ئەنجامداوە و تیایدا سەرەخۆشی ئاڕاستەی گەلی سوریا کردوە بەهۆی بومەلەرزەکەی 6ی ئەم مانگەوە، هاوکات ئامادەیی عێراقیشی بۆهەر جۆرە هاوکارییەک راگەیاند.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە، "عێراق لە روانگەی ئەرکی مرۆیی و پەیوەندی برایەتی نێوان هەردو گەل، ئامادەیە بەپەلە پێداویستی بەرگری شارستانی، تیمی پزیشکی و هاوکاری مرۆیی رەوانەی سوریا بکات، ئەوە جگەلەوەی لەبواری سوتەمەنی، خۆراک و دەرمانیش هاوکاری رەوانەی دیمەش دەکات.

باسی لەوەشکردوە، ئارامی و ئاسایشی سوریا گرنگییەکی زۆری بۆ ناوچەکە هەیە و دەبێتەهۆی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، لە بەرامبەردا سەرۆک کۆماری سوریا سوپاسی گەل و حکومەتی عێراقی کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانییەکانیان، جەختیشیکردەوە لە برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×