لە بەغداد سبەینێ زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدرێت
  2023-02-08       654       

بەرگری شارستانی عێراق رایگه‌یاند، "سبەینێ کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەغدا و پارێزگاکانی تری عێراق لێدەدرێت".

ئاوێنە:  ئەو زەنگە بۆ تاقیکردنەوەیەوە و لەمەولا لە حاڵەتە لەناکاوەکاندا دەکەونە کار، ئەوەش بۆ پاراستنی زیاتری هاووڵاتیان لە رووداوە نەخوازراوەکان.

سه‌رچاوه‌یه‌ك لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی عێراق رایگەیاند: سبەینێ پێنجشەممە، بڵندگۆکانی تایبەت بەئاگادارکردنەوەی پێشوەختی هاووڵاتییان لە بەغدا تاقی دەکرێنەوە و ئامانج لە دانانی بڵندگۆکان بەمەبەستی پێدانی ئاگاداری و هۆشداری پێشوەختەیە لەهەر حاڵەتێکی لەناکاو بە هاووڵاتییان.

باسی لەوەشکرد، پێنج دەنگ (ئاواز)ی جیاواز و تایبەت بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هاووڵاتییان لە بڵندگۆکانەوە دەردەچێت و سبەینێ تەنها یەکێک لەو دەنگانە کاتژمێر 11ی تەواو تاقیدەکرێتەوە و وتی، "ئەم ئاوازانە تەنها لەحاڵەتی کتوپڕدا بەکاردەهێنرێن".

ئەمەش دوای ئەوە دێت، رۆژی 6ی ئەم مانگە بومەلەرزەی وێرانکەر، لە تورکیا و سوریا رووییدا و بەهۆیەوە تا ئێستا بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 11 هەزار کەس گیانیانلەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×