وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: دەبێت عێراق لە بواری وزەدا سەربەخۆ بێت
  2023-02-09       504       

ئەنتۆنی بلینكین، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەر لە دەستپێكردنی كۆبونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئێمە ئێستا بەشێوەیەكی چڕ سەرنجمان لەسەر رەهەندە ئابورییەكەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان ئەمریكاو عێراقە، دەشڵێت، عێراق دەتوانێت و دەبێت سەربەخۆ بێت لەبواری وزەداو ئەمریكا دەتوانێت بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی عێراق كاتێك بەم ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت.

ئاوێنە: ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمشەو پێنجشەممە، بەرلەوەی دەست بكەن بە كۆبونەوەی نێوانیان، لێدوانیان بۆ رۆژنامەنوسان دا.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەمە ساتەوەختێكی گرنگەو كۆبونەوەیەكی گرنگمان دەبێت. رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیمان لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام ئێمە ئێستا بەشێوەیەكی زۆر چڕ سەرنجمان لەسەر رەهەندە ئابورییەكەی ئەو رێككەوتنییەو ئەو كارانەیە كە دەكرێت پێكەوە ئەنجامیان بدەین بۆ بەردەوامیی بەهێزكردنی ئابوریی عێراق.

ئەنتۆنی بلینكن وتی، لەوەشدا بەتایبەتی سەرنجمان لەسەر وزەو كارەبایە، عێراق دەتوانێت و دەبێت لە بواری وزەدا سەربەخۆ بێت، ئەمەش ئەو شتەیە كە پێموایە ئەمریكاو ئەوانی دیكەش دەتوانن بەردەوام لە پشتیوانیكردنی عێراق، كاتێك بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی، ئەمە بابەتی گفتوگۆكانمان دەبێت، بەڵام دەمەوێت ئەوەش بڵێم كە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا چەند رۆژێك لەمەوبەر گفتوگۆیەكی تەلەفۆنی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجام دا، ئومێدمان هەیە كە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق هەنگاوبنێین بۆ بەهێزكردنی ئەو شەراكەتە ستراتیژییەی كە عێراق و ئەمریكا یەكدەخات.

لەلای خۆیشییەوە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، بەردەوام دەبین لەكاركردن لەگەڵ ئەمریكا بۆ بونیادنانی ئابوریی وڵاتەكەمان.

وتیشی، ئێمە پێویستمان بە پشتیوانی ئەمریكایە لە تەواوی بوارەكاندا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×