فواد حسێن: جۆرێک سەقامگیریی دۆلار و دینار هەیە
  2023-02-10       481       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "هەواڵی دڵخۆشکەر هەیە" و ئەو بەرپرس و کەسانەی لە ئەمریکا بینیویانن "هەمویان پشتگیریی سیاسەتی حکومەت و رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دەکەن." دەشڵێت، جۆرێک سەقامگیریی هەیە هەم لە بواری دینار و هەم لە بواری دۆلاریش.

 ئاوێنە: فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ روداو لە واشنتن باسی کۆبونەوەکانی شاندی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کردو وتی"توندیم لە بەرپرسانی ئەمریكا نەبینی، بەڵام ئەوان باسی رێکاری خۆیانیان کردو ئێمەش بیروڕای خۆمان. ئەوان ئەگەر توندییان هەبێت سیاسەتی خۆیانە بەرامبەر بە وڵاتێک، بەڵام بەرامبەر ئێمە هیچ توندییەک نەبو."

لە وەڵامی ئەوەی كە هەواڵی دڵخۆشكەریان هەیە بۆ عێراقییەكان، وەزیری دەرەوە وتی"هەواڵی دڵخۆشکەر ئەوەیە کە راستی بڵێم، ئەمریکییەکان ئەوانەی کە بینیمان، کەسانێکی زۆرمان بینیوە، کەسانێکی دەسەڵاتدار، لە وەزارەتی گەنجینە، وەزارەتی دەرەوە، جۆن کێری و بەرپرسانی وزە، ئەوانەی تاوەکو ئێستا بینیومانن هەمویان پشتگیریی سیاسەتی حکومەتی عێراق دەکەن و پشتگیریی ئەو رێکارانە دەکەن کە بانکی ناوەندیی عێراق گرتونیەتیەبەر، هاوکارییەکی زۆر باش هەیە لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا."

 لەبارەی دۆخی دیناری عێراقی لەسایەی رێكارەكاندا وتی"بە رای من ئەو مەسەلەیە کە رویدا مەسەلەیەکی کاتی بو و ئێستا تێپەڕیوە، ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین کە جۆرێک سەقامگیری هەیە هەم لە بواری دینار و هەم لە بواری دۆلار."

لەبارەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، "ئێمە خەریکین کە شاندی هەردولا، هەرێمی کوردستان و بەغدا، کۆببنەوەو رەشنوسێکی یاسای نەوت پێشکەش بکرێت بە پەرلەمان و هەروەها باسی بودجە کرا و نوێنەری هەرێمی کوردستانیش لە کۆبونەوەکاندا بەشداربو و قسەی خۆی کردو پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا زۆر باشە، کێشە هەیە، بەڵام چارەسەریش هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×