فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لە سوریا سەرپەرشتیی هاریکاری لێقەوماوانی بومەلەرزەکە دەکات
  2023-02-10       579       

فەرماندەی سوپای قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، گەیشتە شاری حەلەبی سوریا بۆ سەرپەرشتیکردنی گەیاندنی هاوکارییەکانی ئێران لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزەیەی کە وڵاتەکەی گرتەوە، دووشەممەی ڕابردوو.

ئاوێنه‌: ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران، "ئیرنا" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، فەرماندەی سوپای قودس "سەردانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شاری حەلەبی کردووە و سەرپەرشتی کاری کادیرانی فریاگوزاری ئێرانی کردووە کە لە شوێنی لابردنی داروپەردوو لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا ئامادەبوون".

لەو چوارچێوەیەدا، ئاژانسەکە ڕایگەیاند کە چوارەمین فڕۆکەی هاوکاریی ئێران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب نیشتووەتەوە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە.

فڕۆکەکە هاوکاری مرۆیی لە ئێرانەوە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی سوریا هەڵگرتووە و لە زاری سەلمان نەواب نوری کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە "فڕۆکەکە بارێکی هاوکاری ئێرانی بۆ گەلی سوریا هەڵگرتووە، چادر و خۆراکی وەک خورما، برنج، ماسی تونە، مەعکەرۆنی و دۆشاوی تێدیە."

فڕۆکەی یەکەم بارەکەی لە فڕۆکەخانەی دیمەشق دابەزاند، فڕۆکەی دووەمیش لە فڕۆکەخانەی حەلەب نیشتەوە و فڕۆکەی سێیەمیش لە لازقیە نیشتەوە و لەوێ بارەکەی دابەزاند.

بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلە پارێزگای کەهرامانمەڕەش لە تورکیا هەژاند و ژمارەیەک شاری وێران کرد و سەدان کەسیش گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

هەروەها بوومەلەرزە گەیشتە شارەکانی باکوری سوریا و عێراق و لەلایەن دانیشتوانی لوبنان و میسریشەوە هەستی پێکرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×