عەلی عەلاق لەبارەی نرخی دۆلارەوە بەڵێن دەدات
  2023-02-15       753       


عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی، جەختدەكاتەوە لەوەی مكوڕن لەسەر سەقامگیركردنی بەهای دۆلار.

ئاوێنه‌: عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە میدیای فەرمیی حكومەتی راگەیاندووە، ئامانجیان لە سەكۆی ئەلیكترۆنیی فرۆشتنی دۆلار، بەرگرتنە لە پێشێلكاری لە مامەڵەكانی كڕین و فرۆشتنی دۆلاردا لەلایەن بانكەكان و هەر دامەزراوە و لایەنێكی دیكەوە.

وتیشی، دەیانەوێت لەو رێگەیەوە هیچ بانكێك لە پرۆسەی حەواڵەكردنی دۆلاردا رووبەڕووی سزا نەبێتەوە.

عەلی عەلاق دووپاتیكردەوە كە بانكی ناوەندی مكوڕە لەسەر سەقامگیركردنی بەهای دۆلار و وتی، “هەنگاوەكانمان رژدن لەسەر نەهێشتنی جیاوازی لە نرخی فرۆشتنی دۆلاردا و هەموو لایەنەكان بە بانكی نێودەوڵەتیشەوە پشتیوانیمان دەكەن”.

لێدوانەكەی عەلاق هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، بە جۆرێك ئەمڕۆ بەهای دۆلار بەرزترین ئاستی تۆماركردووە لەو كاتەوەی بڕیاری دابەزاندنی دراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×