راوێژكاری دارایی سودانی بڕی قەرزەكانی سەر عێراق ئاشكرادەكات
  2023-02-15       547       

مەزهەر ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، تا ساڵی 2028 حکومەتی عێراق دەبێت نزیکەی 23 ملیار دۆلار فەرزی دەرەكی بداتەوە و کۆی گشتی قەرزەکانی عێراقیش زیاتر لە 76 ملیار دۆلارە.

ئاوێنە: مەزهەر ساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، قەرزە ناوخۆییەکانی عێراق بە 55 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت ئەگەر نرخی دۆلار بە نرخی فەرمی ئێستا هەژمار بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا مەزهەر ساڵح باسی لەوەکرد، تێكڕای سودی ساڵانە لەسەر هەمو قەرزەکان 3٪ە و ئەو قەرزە دەرەکییانەی کە مەرجە عێراق تا ساڵی 2028 بیانداتەوە بە 21 بۆ 23 ملیار دۆلار دەخەمڵیندرێن ئەمەش بە مانای ئەوە دێت سەرجەم قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی عێراق زیاترە لە 76 ملیار دۆلار.

ئەوەشی خستۆتەڕو، تێكڕای باڵانسی قەرزەكانی عێراق بە ناوخۆیی و دەرەكییەوە، زیاتر نین لە 35%ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی عێراق، لەكاتێكدا پێوەرە نێودەوڵەتییەكان رێگە بە رێژەی 65% دەدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×