هەڵوێستی تازەی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
  2023-02-16       672       

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، لە دۆسییەکانی نەوت، نرخی دۆلار، بەهێزکردنی سیستمی بانکی، بەڕێوەبردنی ئاو، کارەبا و فرەجۆرکردنی ئابوریدا پشتیوان و هاوکاری عێراق دەبێت و لەم کاتەشدا پێشوازی لەو پێشهاتە ئەرێنیانە دەکەن کە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتونەتە ئاراوە.

ئاوێنە: لیژنەی هەماهەنگی عێراق و ئەمریکا لە واشنتن کۆبونەوە و لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، شاندی هەردو وڵات لە چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژیدا کۆبونەوە و هەردولا جەختیانکردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، هەروەها لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر گەشەپێدانی کەرتی ئابوری، وزە و روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کراوە.

ئەوەش هاتوە، پەیوەست بە پرسی دۆلاریش هەردولا تاوتوێی ئەو ئاستەنگیانەیان کردوە کە ڕوبەڕوی ئابوری عێراق دەبنەوە، لەم بارەیەشەوە واشنتن پێشوازی لە هەوڵەکانی بەغدا دەکات بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی چاکسازی لە کەرتی ئابوری و بەهێزکردنی سیستمی بانکی.

لە راگەیەنراوی کۆبونەوەی لیژنەی هەماهەنگی عێراق و ئەمریکادا باس لەوەشکراوە، لەئێستادا عێراق دەرفەتێکی گرنگی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە ژێرخانی وزەدا بکات و  ئەمریکاش هاوکاری عێراق دەبێت بۆ ئەوەی بەپەلە رێگری لە سوتانی ئەو غازە بکرێت کە لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتدا بەهەدەر دەچێت، هەروەها لەپرسی کارەباشدا ئەمریکا پێشوازی لە بەستنەوەی هێڵی کارەبای عێراق دەکات بە هێڵی کارەبای وڵاتانی ناوچەکەوە.

ئەوەش خراوەتەڕو، پەیوەست بە کێشەی ئاویش هەردولا رێککەوتن کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی تازە بکەن بەمەبەستی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش کراوە و ئاماژە بەوەدراوە، ئەمریکا پێشوازی لەپێشهاتە ئەرێنییەكانی پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی کوردستا دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×