كۆمپانیایەك ئۆتۆمبێل بە قیست و هەرزانتر دەداتە مامۆستایان
  2023-02-16       984       

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێت، لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت رێككەوتنیان كردووە، بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل بە پێشەكی كەم و هەرزان و قیستی پێنج ساڵە بدرێتە بەشێك لە مامۆستایان. 

ئاوێنە: ئەحمەد گەرمیانی بە میدیاكانی وتووە، كۆمپانیای باجگر دەستپێشخەرییەكیان لەگەڵ یەكێتییە كردووە، جارێ بەشێوەیەكی كاتی بۆ ماوەی سێ مانگ ئۆتۆمبێلی هەرزانتر و بەشێوەی قەرز و قیست دەدرێتە مامۆستایان، ئۆتۆمبێلەكانیش جۆری "جێلی"ن.

باسی لەوەش كردووە، بەراورد بە خەڵكی دیكە 800 بۆ هەزار دۆلار هەرزانتر دەدرێتە مامۆستایان، هەموو كەسێك بۆی هەیە بایی 10 هەزار دۆلار بە قەرز ئۆتۆمبێل ببات، بەڵام مامۆستا بۆی هەیە بایی 20 هەزار دۆلار ئۆتۆمبێل بە قەرز ببات، بۆ خەڵكی ئاسایی 3 ساڵ گەرەنتی هەیە و بۆ مامۆستایان 5 ساڵ دەبێت.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان هێمای بۆ ئەوەش كردووە، كۆمەڵێك ئاسانكاری كراون بەڵام لە قۆناغی یەكەمدا هەندێك لە مەرجەكان قورسترن، دەبێت مامۆستاكە موچەی لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و دوو مامۆستاش كەفیلی بن، لەم قۆناغە زیاتر ئەو مامۆستایانە دەگرێتەوە، كە خزمەتیان زۆرترە و تاوەكو ئێستا ئۆتۆمبێلیان نییە.

ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئەو بەرنامەیە سەرەتا پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی دەگرێتەوە، دواتر قۆناغ بە قۆناغ فراوان دەكرێت، بەرنامەیان هەیە لەداهاتوودا ئۆتۆمبێلەكانی كۆمپانیای تۆیۆتاش بە قەرز و بە قیست بدرێتە مامۆستایان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×