سودانی لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: ئەولەویەت دەدەین بە پەرەپێدانی كەرتی وزە
  2023-02-18       235       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆبونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەولەویەتێكی تایبەت دەدەین بە چاكسازییە ئابورییەكان و پەرەپێدانی كەرتی وزەو لەگەڵ دروستكردنی شەراكەت لە پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە كەرتی گازدا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەراوزێری كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوەتەوە.

لە كۆبونەوەكەدا تاتوێی دۆسیەكانی پەیوەندییە دوقۆڵییەكان و بەهێزكردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكان لە هەمو ئاست و بوارەكاندا كراوە، بەشێوەیەك كە توانای عێراق بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییە ئابورییەكان و پێداویستییەكانی پەرەپێدانی، بەهێز بكات.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا، سودانی جەختی كردۆتەوە كە عێراق ئەولەویەتێكی تایبەت دەدات بە چاكسازییە ئابورییەكان و سەرنج خستنەسەر پەرەپێدانی كەرتی وزەو دروستكردنی شەراكەت لە پەرەپێدان و وەبەرهێنان لە كەرتی گازدا.

هەروەها سودانی جەختی لەسەر خواستی عێراق بۆ پەرەپێدانی هاریكاری لەگەڵ ئەمریكا بۆ شەڕی تیرۆر كردۆتەوە لە پێشكەشكردنی مەشق و پێدانی راوێژو زانیاری بە هێزە عێراقییەكان، بەشێوەیەك كە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت و لەگەڵ گرنگی رۆڵی عێراق لە چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لای خۆیشییەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ستایشی پلانەكانی حكومەتی عێراقی بۆ چاكسازی و پەرەپێدان كردوە، هەروەها ستایشی ئەولەویەتدانی حكومەتی عێراقی بە پەرەپێدانی كەرتی وزە كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×