حكومه‌تی عێراق: بابه‌ته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی (الصباح) گوزارشت له‌بۆچونی فه‌رمی حكومه‌تی عێراق ناكات
  2023-02-18       311       

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەوەی لەرۆژنامەی (الصباح) لەژێر ناوی (ئایا قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە) بڵاوکراوەتەوە بۆچونی کەسیەو بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لەبۆچونی فەرمی حکومەت ناکات.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رۆژنامەی (الصباح)ی‌ عێراقی‌ راپۆرتێکی‌ بڵاویکرده‌وهو ئاماژه‌ی به‌راپرسییه‌کی سەنتەری ئەکادیمی (ڕاپرسی و شیکاریی) کردوه‌و باسی له‌وه‌کردوه‌، "بەهۆی خراپی دۆخی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و لاوازی ئەگەری چارەسەرکردنی کێشه‌کانی هەردو پارتە سەرەکییەکە (پارتی و یه‌کێتی)، خواستێکی جەماوەری هەیە بۆ قبوڵکردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێم و گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ناوەند".

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لەڕونکردنەوەیەکدا ڕایگه‌یاندووه‌، دوپاتیدەکەینەوە ئەوەی لەڕۆژنامەی (الصباح)، لەژێر ناونیشانی (ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟)، لەرۆژی 18ی شوباتی 2023 بڵاوکراوەتەوە، بۆچونێکی کەسیەو بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچونی فەرمی حکومەت ناکات. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەمادەکانی دەستوری عێراقدا هاتوە سەبارەت بەدەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق و باقی ئەو بڕگانەی دیکەش کە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان ڕێکدەخەن، یەکێکن لەدەستکەوتە گرنگەکانی عێراقی نوێ، حکومەتیش کار بۆ چەسپاندن و پشتیوانیکردن دەکات و پابەندە پێوەی".

ئەوەشیخستۆتەڕو، "حکومەتێکی شەرعی کە بەپێی دەستور هەڵبژێردرابێت، پابەند دەبێت بەجێبەجێکردنی و هەروەها پابەندیش دەبێت بە هەمو یاسا کارپێکراوەکانی عێراق".

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×