وابڕیاره سبه‌ی یه‌كشه‌ممه وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكاته‌وه، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم-یش ده‌ڵێت، پرسی یاسای نه‌وت و غاز، پڕۆژه‌یاسای بودجه، شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم‌و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق تاوتوێده‌كه‌ن.
ئاوێنه: جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌میدیاكانی پارتی راگه‌یاندووه، بڕیاره سبه‌ینێ وه‌فدێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ درێژه‌دان به گفتوگۆكان سه‌ردانی به‌غدا بكات.
وتیشی، له چوارچێوه‌ی گفتوگۆكاندا، پرسی یاسای نه‌وت و غاز، پڕۆژه‌یاسای بودجه، شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق تاوتوێده‌كه‌ن.
سه‌باره‌ت به‌پرسی بودجه‌ی 2023، جوتیار عادل ده‌ڵێت، رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ـی فیدراڵی له نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی كراوه و ئه‌ركه‌كانی هه‌ردوولا دیاریكراون، به‌ڵام "هه‌ندێك ورده‌كاری ماون" پێویسته گفتوگۆیی زیاتریان له‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پشتگوێ نه‌خرێن.
11ی ئه‌م مانگه‌ش وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانێكی دوو رۆژه‌ی بۆ به‌غدا ئه‌نجامدا و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و پلاندانانی عێراق، ده‌سته‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان و كۆمپانیای سۆمۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا.