مام فارس، سه‌رۆكی رێكخراوی جوتیارانی كوردستان راگه‌یاند، ئه‌و خاوه‌نی دۆسیه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانه و دوای ئه‌وه‌ی 94 جار چونه به‌غدا و ئاماده‌بون له 56 دانیشتنی دادگا، سه‌ر ئه‌نجام توانیویانه دۆسیه‌كه ببنه‌وه و بڕیارێكی حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و تێچوه‌كه‌شی "هه‌شت ده‌فته‌ر دۆلار بوه"، ده‌شڵێت، "به دادوه‌رم وت، سه‌دام حسێن ئه‌نفالی كرد و گونده‌كانی تێكداین، جیاوازی نێوان سه‌دام و حه‌یده‌ر عه‌بادی چی بو؟ وتی وه‌ڵایی هیچ جیاوازییان نیه".
ئاوێنە: مام فارس له‌باره‌ی گه‌یشتنی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2015 و 2016، به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "دوای ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی بڕیاریدا كه گه‌نمی ساڵانی 2014، 2015 و 2016 له نرخی پاڵپشتیكراوه‌وه بكاته نرخی بازرگانی و به‌هۆیه‌وه 50%ی پاره‌كه‌ی بڕی، ئێمه كه چوینه سه‌ردانی وه‌زیری ئه‌وكاتی بازرگانی عێراقمان كرد وتی ئه‌وه بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادیه و ئێمه ناتوانین پاره‌كه بده‌ین، پاره‌كه 570 ملیار دینار زیاتربو ئێستا بۆ نیوه كه‌مده‌بوه‌وه، ئێمه كارمان له‌سه‌ركرد و به‌شدار حه‌سه‌ن خۆبه‌خشانه بوه پارێزه‌ری دۆسیه‌كه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دوای ئه‌وه‌ی سكاڵایان تۆماركردوه سێ‌جار له دادگای ره‌سافه دۆسیه‌كه‌یان بردوه‌ته‌وه و ماوه‌ی سێ ساڵ و شه‌ش مانگ سه‌رقاڵی دۆسیه‌كه بون، جگه له به‌شدار حه‌سه‌ن كه سه‌رۆكی تیمی پارێزه‌ران بون چوار پارێزه‌ری دیكه‌ش له به‌غدا هه‌بون كه سه‌رجه‌میان بڕی 30 هه‌زار دۆلار (سێ ده‌فته‌ر دۆلار)یان پێدراوه.
مام فارس ده‌ڵێت، "له كۆتاییدا بڕیارێك ده‌رچو كه جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیانه پاره‌ی گه‌نمه‌كه‌یان وه‌ربگرن به‌ڵام ده‌بێت 17%ی پاره‌كه هه‌رێمی كوردستان بیدات، دواتر هاتینه‌وه سكاڵامان له هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی بازرگانی تۆماركرد، ئێمه هه‌م سكاڵای به‌غدا و هه‌م سكاڵای هه‌رێممان برده‌وه و دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی د. به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری پێش‌و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی بازرگانی ئه‌وكات كرا و مسته‌فا كازمیش ئاگادار بو كه قیستێكی پاره‌ی گه‌نمی جوتیارن بدرێت و بڕیاری عه‌بادیمان هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ساڵی رابردو زیاتر له 270 ملیار دینار وه‌رگیرا و ئه‌وه‌ی دیكه‌ش به قیست بدرێت".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "94 جار چوینه‌ته به‌غدا و 56 دانیشتنی دادگا ئاماده‌بوین، 80 هه‌زار دۆلار (8 ده‌فته‌ر دۆلاری ئه‌مریكی)م خه‌رجكردوه و ته‌واوی پاره‌كه خۆم داومه، بۆیه من خاوه‌نی كه‌یسه‌كه‌م و به جلوبه‌رگی كوردییه‌وه توانیم پاره‌ی جوتیاران وه‌ربگرین، چه‌ندینجار له‌گه‌ڵ كونسوڵی ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان دانیشتوین و كۆڵمان نه‌دا، جارێكیش له دادگا به دادوه‌رم وت، سه‌دام حسێن ئه‌نفالی كرد و گونده‌كانی تێكداین، جیاوازی نێوان سه‌دام و حه‌یده‌ر عه‌بادی چی بو؟ وتی وه‌ڵایی هیچ جیاوازییان نیه".
مام فارس نیگه‌رانه له لێدوانی هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاران كه ده‌ڵێن "به هه‌وڵی ئێمه پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران ره‌وانه ده‌كرێت" و ده‌ڵێت، "په‌رله‌مانتاران ئه‌گه‌ر كارێكیان كردبێت ئه‌ركی خۆیان به‌جێهێناوه، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر من نه‌بومایه ئه‌وا ئه‌و پاره‌یه به نرخی بازرگانی وه‌رده‌گیرا نه‌ك به نرخی پاڵپشتی كرا‌و".
7ی ئه‌م مانگه وەزیری بازرگانی عێراق رایگه‌یاند، لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە تەواوی پارەی گەنمی جوتیاران خەرج بکرێت، دوای دو رۆژیش چه‌كی پاره‌كه واژۆكراو و بڕیاره له‌م هه‌فته‌یه‌دا بگاته ده‌ستی جوتیاران.
پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016 بڕی 575 ملیار دینار بو، حکومەتی عێراق لە ساڵی 2021دا 305 ملیار دیناری خەرجکرد و لەم کاتەشدا 270 ملیار دیناری ماوە.