پۆلیسی هەولێر: خاوەن هۆتێلێکمان دەستگیرکرد کە بەچەک روبەڕوی پۆلیس بوەتەوە
  2023-02-20       399       

پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، شەوی رابردو خاوەن هۆتێلێکیان دەستگیرکرد کە لەگەڵ کەسێکی دیکەدا بەشەڕ هاتوە و دەستیشکاندوە، دواتریش بە چەک روبەڕوی هێزەکانیان بوەتەوە. 

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، دوای ئەوەی شەوی رابردو بەشی پۆلیسی فریاکەوتن لە حاڵەتێکی شەڕکردن لە بەردەم هۆتێلێک لە شەقامی هەولێر - کەرکوک ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەرکەوت کە شەڕ و دەماقاڵێ لە نێوان خاوەنی هۆتێلەکە و خاوەنی مارکێتێکی ژێر هۆتێلەکە دروست بوە.

ئەوەشی خستوەتەڕو لە ئەنجامی روداوەکەشدا خاوەنی هۆتێلەکە بە ناوی (ا. م. ق) دەستی خاوەنی مارکێتەکەی بە ناوی (ا. خ. ا) شکاندوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "لە کاتی گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕوداو، خاوەنی هۆتێلەکە بە چەک ڕوبەڕوی هێزەکانی پۆلیس بوەوە، بەڵام هەر زو لەلایەن تیمەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن دەستگیرکرا و ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی ئیسکان کرا تا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر."

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×